2014/03/09

وازناهێنین و بەردەوامین لە داکۆکی کردن بۆ هێنانەدی تەندروستێکی باش بۆ هاولاتیانی کوردستان



وازناهێنین و بەردەوامین لە داکۆکی کردن بۆ هێنانەدی تەندروستێکی باش بۆ هاولاتیانی کوردستان

كه‌مپه‌ینی‌ چاو هه‌رچاوه‌: وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ به‌بڕیارێك هاوڵاتیان ناچارده‌كات ته‌واوی‌ 
تێچونی‌ ده‌رمان بده‌ن، ئه‌گه‌ر بریاره‌كه‌ی‌ نه‌كێشێته‌وه‌ له‌دادگای‌ كارگێڕی‌ داوایان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین

کەمپه‌ینی چاو هەر چاوە ئیدانەی ئەم بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی دەکەن و دەڵێن پێدەچێت بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆی ئەو قەیرانە داراییە بێت کە حکومەت پێیدا دەڕوات لە ڕاگەیەنراوێکدا کە بەو بۆنەیەوە دەرانکردووە دەڵێن "پرسیارەکە لەوێدایە، بۆچی لەو هەموو ئەلتەرناتیڤەی تر (به‌دیلی‌ تر) کە لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی و حکومەتدایە، راسته‌وخۆ پەلاماری هاوڵاتی دەدرێت و ئەو پارەیەی کە نەخۆش لەدەزگا تەندروستیەکاندا خەرجی دەکات زیاد دەکرێت؟"


لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "لەپاڵ ئەوەی کە حکومەت ڕەزیلی کردووە لە تەرخانکردنی بەشێکی شیاو لە بودجەی گشتی بۆ تەندروستی، تاوەکو ئێستاش حکومەت و وەزارەتی تەندروستی شکستی هێناوە لەوەی کە باج لە سەر جگەرە و ماددە کهولیەکان و خواردەمەنیە زەرەرمەندەکان بەرزبکاتەوە و بۆ تەندروستی بەکاریانبهێنێت. هەروەها شکستی هێناوە لەوەی کە باج لەسەر کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بۆ چارەسەرکردنی قوربانیەکانی هاتووچۆ به‌کاربهێنێت".

دەقی راگەیەندراوەكەی كەمپینی چاو هەر چاوە:

وەزارەتی تەندروستی لەبڕیارێكی نوێیدا ڕێنمایی دەركردووە كە دەبێت ١٠٠% ی تێچووی نرخی دەرمان لەو نەخۆشخانە و ڕاوێژكاریانەی بە گوێرەی ئەوەی پێی دەوترێت سیستمی نیمچە تایبەت لە نەخۆش وەربگیرێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر هاوڵاتیان ٢٠% ی ئەو تێچووەیان دەدا. 

ئەم بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی، لاپەڕەیەكی ترە لە زنجیرەی پەلامارەكانی وەزارەتی تەندروستی بۆ سەر هاوڵاتیان بە گشتی و نەخۆش بە تایبەتی. ئێمە وەكو كەمپەینی چاو هەر چاوە بە توندی ئیدانەی ئەم بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی دەكەین و پێمانوایە بەڵگەیەكی ترە لەسەرئەوەی كە ئەم وەزارەتە بە هیچ جۆرێك نوێنەرایەتی خەڵك و هاوڵاتیان ناكات، بەڵكو نوێنەرایەتی كۆمەڵێك دەستە و تاقمی بەرژەوەندیخواز دەكات. 

پێدەچێت بڕیارەكەی وەزارەتی تەندروستی كاردانەوەیەكی ڕاستەوخۆی ئەو قەیرانە داراییە بێت كە حكومەت پێیدا دەڕوات و وەڕگێڕانی سیاسەتی 'تەقەشوفە' كە حكومەت جێبەجێیدەكات، بەڵام پرسیارەكە لەوێدایە، بۆچی لەو هەموو ئەلتەرناتیڤەی تر (بەدیلی تر) كە لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی و حكومەتدایە، راستەوخۆ پەلاماری هاوڵاتی دەدرێت و ئەو پارەیەی كە نەخۆش لەدەزگا تەندروستیەكاندا خەرجی دەكات زیاد دەكرێت؟

ئێمە لە كەمپەینی چاو هەر چاوە پێمانوایە كە ئەلتەرناتیڤی باشتر هەیە بۆئەوەی كە لە لایەكەوە داهاتی تەندروستی زیادبكرێت و لە لایەكی تریشەوە بەهەدەردان لە بودجەی تەندروستی كەمبكرێتەوە. لەپاڵ ئەوەی كە حكومەت ڕەزیلی كردووە لە تەرخانكردنی بەشێكی شیاو لە بودجەی گشتی بۆ تەندروستی، تاوەكو ئێستاش حكومەت و وەزارەتی تەندروستی شكستی هێناوە لەوەی كە باج لە سەر جگەرە و ماددە كهولیەكان و خواردەمەنیە زەرەرمەندەكان بەرزبكاتەوە و بۆ تەندروستی بەكاریانبهێنێت. هەروەها شكستی هێناوە لەوەی كە باج لەسەر كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بۆ چارەسەركردنی قوربانیەكانی هاتووچۆ بەكاربهێنێت. 

لەلایەكی ترەوە ئەو بودجەیەی بۆ تەندروستی تەرخان دەكرێت، گەندەڵی و بەهەدەردانی تێدا دەكرێت و دەچێتە باخەڵكی بەرپرسەكانی تەندروستی و شەریكەكانیان. بەهەدەردانی داهاتی گشتی لە گرێبەستی گوماناویی و خەیاڵی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرمان و گەندەڵی لە دروستكردنی پرۆژەكان و دامەزراندنی خەڵك لەسەر بنەمای خزمایەتی و حیزبایەتی، وایكردووە كە ئەو پارە كەمەی بۆ تەندروستی تەرخان دەكرێت بەشی خزمەتە بنەڕەتیەكان نەكات كە هاوڵاتیان پێویستیان پێیەتی. ئەم بەهەدەرانە دەبێت هەنگاوی یەكەمی هەر سیاسەتێكی تەقەشوف بێت نەك پەلاماردانی هاوڵاتیان و قورستركردنی ئەركی سەرشانیان. 

ئێمە وەكو كەمپەینی چاو هەر چاوە لە كاتێكدا پێمانوایە كە نابێت لە كاتێكی ئاوەهادا تەندروستی هاوڵاتیان بكرێت بە قوربانی، داوا دەكەین، كە تەندروستی لەو سیاسەتی تەقەشوفە ببەخشرێت كە حكومەت جێبەجێیدەكات. تەندروستی هاوڵاتیان لە هەموو بارودۆخێك گرنگترە و ناكرێت ئەو تەندروستیە بكرێت بە قوربانی سیاسەتە داراییەكانی حكومەت. لێرەشەوە داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەكەین بە زووترین كات ئەو بڕیارەی خۆی بكێشێتەوە، ئەگەرنا ئێمە لە دادگای كارگێڕی سكاڵا لەسەر وەزارەتی تەندروستی تۆمار دەكەین.




كەمپەینی چاو هەرچاوە
  9 – 3 – 2014  

No comments:

Post a Comment