2014/03/04

وەزارەتی تەندروستی (سێبەر) لە هەرێم دروستدەکرێت


كەمپینی چاو هەر چاوە بەمەبەستی چاودێریكردنی وەزارەتی تەندروستی‌و دروستكردنی ئەلتەرناتیڤ بۆ پۆستەكانی ئەو وەزارەتە وەزارەتی تەندروستی سێبەر دروستدەكات. 

كەمپینی چاو هەر چاوە بەردەوامە لەدەرخستنی گەندەڵییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم‌و لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ شارپرێس نێردراوە ڕایگەیاندووە "لەزۆر وڵات‌و شوێنی تری دنیادا وەزارەتی سێبەر، یان حكومەتی سێبەر هەیە ئێمە لەكەمپەینی چاو هەرچاوە لەهەوڵێكی نوێدا (بۆ كوردستان)، بڕیامانداوە كە راگەیاندنێك بڵاوبكەینەوە بەمەبەستی دروستكردنی وەزارەتی تەندروستی بەشێوەی سێبەر". 
دەقی ڕاگەیاندراوی كەمپینی (چاو هەر چاوە): 

ئێمە لە كەمپەینی چاو هەرچاوە لەهەوڵێكی نوێدا (بۆ هەرێمی كوردستان)، بریامانداوە كە راگەیاندنێك بڵاوبكەینەوە بەمەبەستی دروستكردنی وەزارەتی تەندروستی بەشێوەی سێبەر، كە لە زۆر وڵات و شوێنی تری دنیادا وەزارەتی سێبەر یان حكومەتی سێبەر هەیە.

ئامانجەكان:

یەكەم: بۆئەوەی ئەم وەزارەتی سێبەرە بتوانێت چاودێرێكی جیددی بێت بەسەر كاروبارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم و بۆ هەر كێشەیەكی ئەو وەزارەتە، دوای رەخنەگرتن لێی ئەڵتەرناتیڤێكی هەبێت بۆی.

دووەم: بۆئەوەی هەوڵێك بێت بۆ تێكشكاندنی ئەو تەوقەی كە وەزارەتی تەندروستی لە ژوورە داخراوەكان و بە بێ ئاگاداری هاوڵاتیان و كۆمەڵگای مەدەنی كارەكانی بەڕێوەدەبات.

سێیەم: بۆئەوەی پیشانی حكومەتی هەرێمی بدەین كە دیاریكردنی پۆست و دانانی كەسەكان بۆ ئەو پۆستانە، بەشێوەی سیڤی خزمەتی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات نەك بەشێوەی خزم خزمێنە و پلە و پۆستی حیزبی و گوێڕایەڵی كاندیدەكان بۆ حیزبەكانیان، بۆیە دەبینین تا ئێستا كە ماوەی شەش مانگ زیاترە‌ بە پێنج پارتی سیاسی و هەزاران كادیر و كەسانی سیاسی و پسپۆڕی بوارە جۆراوجۆرەكان و شارەزایانیان نەیانتوانیوە كابینەیەكی حكومەت پێكبهێنن.

پۆستەكان:

1. وەزیری تەندروستی
2. بەرێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك
3. بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر
4. بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی
5. بەرێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان
6. وتەبێژی وەزارەت
7. بەرپرسی بەشی یاسایی وەزارەت

مەرجەكان بۆ وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەكان:

• بەرژەوەندی گشتی هاونیشتیمانیان لەپێش هەر بەرژەوەندیەكی ترەوە ببینێت.
• تەندروستی وەك ماف سەیر بكات و نەیكات بەمنەت بەسەر هاوڵاتیان و پێیان نەفرۆشێتەوە.
• هاوڵاتی چەقی گرنگی خزمەتە تەندروستیەكانی بێت.
• شارەزابێت لەسیاسەتی بەرێوەبردنی كارگێڕی.
• لەگەندەڵی تێوە نەگلابێت.

مەرج بۆ هەردوو پۆستی وتەبێژو بەرپرسی یاسایی وەزارەت:

• بۆ پۆستی وتەبێژی وەزارەت پێویستە ئەو كەسە شارەزایی و ئەزموونی هەبووبێت لەكاری میدیایی، بەڵام پەیوەست نەبووبێت بە  راگەیاندنی هیچ حیزب و لایەنێكەوە.

• بۆ پۆستی بەرپرسی بەشی یاسایی وەزارەت، پێویستە كاندید شارەزایی هەبێت لەبواری یاسایی و ماوەیەك ئەزموونی پیشەی   پارێزەریی هەبووبێت. 

ئەركی ئەم وەزارەتە:

هاوشانی هەر هەوڵێك بۆ رێگەگرتن لە كارەسات و كێشەو گەندەڵی لەوەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، ئەم وەزارەتە سێبەرەش هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بەمەبەستی چاودێریكردنی وردی كاروبارەكانی وەزارەتی تەندروستی و بۆ هەر كێشەیەكی ئەو وەزارەتە دوای رەخنەگرتن لێی، ئەڵتەرناتیڤی خۆیشی بۆ چارەسەر دەخاتە ڕوو، لەكاتی پێویستدا پرێس كۆنفرانس دەبەستێت و راستیەكان لەچاوی میدیاوە بۆ رای گشتی و هاوڵاتیان ئاشكرا دەكات.

ئێمە داواكارین كە لەماوەی یەك هەفتەدا، تا (10/3/2014) سیڤیەكانتان بنێرن بۆ ئەم ئیمەیڵە tendrusty.seber@gmail.com 

دواتر بەشێوەیەكی شەفاف سیڤیەكان جیادەكرێتەوەو پۆستەكان بەسەر كەسانی شیاو دابەش دەكرێن.

كەمپەینی چاو هەر چاوە
4/3/2014

No comments:

Post a Comment