2013/11/06

بۆ پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان




ئەمڕۆ ٦ی تشرینی دووەم پەرلەمانتارانی تازە ھەڵبژێردراوی کوردستان سوێندی یاسایی دەخۆن, پێش دەرچونیان بۆ پەرلەمان ١٢ کەسیان بەو بانگەوازە رازی بوون بڵاومان کردەوە تیایدا ھاتبوو((ئێمە ئەوانەی لە خوارەوە ناومان ھاتووە, کاندیدانی خولی داھاتووی پارلەمان کوردستان لە لیستە جیاجیاکان پەیمان دەدەین بە ھاووڵاتیانی کوردستان و سوێند دەخۆین بە روحی شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید و شەھیدانی ئازادی و دادپەرەری لە کوردستان, دوای بەدەستھێنانی متمانەی ئێوە لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا بە فەرمی داوای ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاری و دابەزاندنی موچەی پەرلەمانتاری بۆ نیوەو رەتکردنەوەی شوقەو ئۆتۆبێل و دامەزراندنی خزم و نزیکانی خۆمان بە حیمایەو رەتکردنەوەی ئیفاد بکەین.))((برادەرانی لیستی پارتە ئیسلامییەکان ئەم پەیمانامەیەی خوارەوەیان واژۆ کردووە- ئێمە ئەوانەی لەخوارەوە ناومان ھاتووە, پاڵێوراوانی خولی داھاتووی پارلەمانی کوردستان پەیمان دەدەین بە ھاووڵاتیانی کوردستان‌و سوێند دەخۆین بە خوای میھرەبان، دوای بەدەستھێنانی متمانە، لەیەکەم دانیشتنی پەرلەماندا بە فەرمی داوای ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاری‌و دابەزاندنی موچەی پەرلەمانتاری بۆ نیوەو رەتکردنەوەی شوقەو ئۆتۆبێل و دامەزراندنی خزم و نزیکانی خۆمان بە حیمایەو رەتکردنەوەی ئیفاد بکەین. لە خوای گەورە داواکارین یارمەتیمان بدات بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەو ئەرکە پیرۆزە بەدەستھێنانی متمانەی ھاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان.)), ئێستا ئیمە چاوەڕوانین لە پەرلەمانتارانی دەرچوو وەفادار بن بە بەڵێنەکانیانەوە کە ئارەزومەندانە بێ ھیچ پاڵەپەستۆیەک پەیوەست بوون پێوەی چاوەڕوانین بە کردار جێبەجێیان بکەن, ھەموو کات کردار بۆ جەماوەر شەرتە نەک دروشمی گەورەی جێبەجێ نەکراو.
بۆ ئەوەی دۆزی خانەنشینی و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران و موچە باڵاکان لە موزایەدەی سیاسی ھەر لایەنێک بە دوور بێت, بۆ ئەوەی ھەوڵەکان سەرکەوتوو بێت و گشتگیری لە پشت بێت, داواکارین سەرجەم ئەو ١٢ پەرلەمانتارەی کە واژۆی لەسەر داواکارییەکە کردووەو کە سەر بە زۆرینەی فراکسیۆنەکانن, بە پشتیوانی سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان, پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بکەن لە پێناو دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی و گەڕانەوەی کەرامەت بۆ کاری پەرلەمانتاری.
لێرەوە داواکارین :
- بە زوترین کات پڕۆژە یاسایەک بە واژۆی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئامادە بکرێت و پێشکەش بکرێت بۆ رێکخستنەوەی مافو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران و سەرجەم پلە باڵاکان لە ھەرێمی کوردستان.
- داواکارین ھیچ لایەنێکی سیاسی بە تەنھا پڕۆژە یاسا پێشکەش نەکات بۆ ئەوەی ئیجماعی نیشتمانی لە پشت بێت.
- داواکارین پەرلەمانتاران لە ئێستاوە ھەموو ئیمتیازاتی ناڕەوا رەت بکەنەوە.

ھەڵمەتی دادپەروەری موچە لە ھەرێمی کوردستان
٦-١١-٢٠١٣

No comments:

Post a Comment