2014/03/15

هەڵەبەجە مەرگەساتێك بۆ سنەییەكان

عەلی مەحموود محەمەد
ناكرێت مێژووی كوردستان لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا, لە مێژووی گشتگیری پەیوەندییەكانی لایەنە كوردییەكان لە گەڵ ئێرانیەكان جیابكەیتەوە, باجی ئەم پەیوەندییانە ئەوەندە گەورە بوون ,وێڕای ئەوەی سەرتاپای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی ناشرین كرد ,هاوكات بونیادی گەلی كوردی سەرتاپا گۆڕی ,تەنانەت پریشكی زیانەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیشی گرتەوە ,لە كیمیاباران و بۆمبابارانكردنی شارە سنوورییەكانەوە بگرە تا دەگاتە كیمیابارانكردنی بۆتێ و شەهید كردنی پێشمەرگەكانی گوردانی شوانی كۆمەڵە .
لە كوێوە بچیتە ناو كارەساتەكانی ئەو مێژووە ڕەشەوە خوێن بەرت پێ دەگرێت . ئەو لایەنانە پێیان وایە سەرتاپای مێژوویان پاكیزەییە و هیچ لەكەیەكی بەسەرەوە نییە ,تەنها بەوەی لە بەر ئەوەی پێشمەرگە و لە بەرەی نەیاری بەعسدا بوونە, ڕاست ناكەن و دەیانەوێت فێڵ لە مێژوو و گەلەكەمان بكەن .
باسكردنی هەڵەكان , پەنجە خستنە سەر حەرامەكان ئازایەتی و دەستپێشخەری دەوێت, هەرچەندە ئەوان ئە وڕێگایەیان بە ترس و بە شاردنەوەی ڕاستییەكان لە گەل گرتووە ,بەڵام دەبێت دەرگا داخراوەكانی بكرێنەوەو زانیاری و نهێنییەكانی ئاشكرا بكرێن .
لەو ڕۆژەوەی لە 22 ساڵ لەمەوپێشەوە ,كە خەڵكی شاری هەڵەبجە ساڵانە یادی 5000 قوربانیەكەیان دەكەنەوە, لەگەڵ ئەواندا 72 خێزانی دی لەو دیو سنوورەوە لە جەرگەی شاری سنە ,یادی 72 جەرگ سۆزەیان و, هاوڕێیانیشیان یادی حەفتاو دوو هاوسەنگەریان دەكەنەوە,ئەو قوربانیانیانەش پێشمەرگەكانی گوردانی شوانن و شوێن و كاتیان لەگەڵ ئەو 5000 مرۆڤە جووتە ,بۆیە پێویستە ناوی ئەو قوربانیانەو قوربانییەكانی حدكاش لە گەڵ ئەو ژمارەیە جووت بكرێت .
ئەو لایەنانەی بوونە قۆنتەراتچی هێنانی پاسدار بۆ سەر ناوچەكە ,تەنها قوماریان بە خەڵكی سڤیلی شاری هەڵەبجەو ناوچە ئەنفالكراوەكانەوە نەكرد ,بەڵكە بە كوردی پارچەكانی دیكەشەوە كردییان, لەو هەموو شەڕانەدا ئەگەر بۆ خۆیان بە زیانێكی كەم
دەرچوون و ماڵ و مناڵیشیان پارێزرا ,ئەوا مەرگە ساتیان بۆ ئەو خەڵكە ساز دا .
یەكێك لە لایەنە شەرمەزارییەكانی دیكەی شەڕی هەڵەبجە ,وێڕای تاڵان و بە بارمتە گرتنی خەڵكی سڤیلی شارەكە , شەهید بوونی پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵات و داگیركردنی بارەگاكانیانە ,كە بە سانایی و بێ بەرامبەر تەسلیم بە كۆماری ئسلامی ئێران كرانەوە .
با لە گەڕان بە ناو وتەی شایەدحاڵەكاندا , بزانین ئەندازیارانی شەڕی هەڵەبجە , هەڵوێستیان چۆن بووە لەسەر هێزەكانی ڕۆژهەڵات , لە كاتێكدا دوژمنەكەیانیان هێناوەتە سەر ناوچەكانیان ؟.

سەرەتای گەشتی هێنانی پاسدار بۆ سەر هەڵەبجە و گفتو گۆكان لە بارەیەوە
بەڕێز شەوكەتی حاجی مشیر كە بە ئەندازیاری سەربازی شەڕەكە دێتە ژماردن , لە پەرتووكەكەیدا بۆ خۆی دان بەوەدا دەنێت كە :
1- راستەوخۆ لایەنەكان لە هێرشەكە ئاگادار نەكراونەتەوە,بەڵكە وەك گریمانەی سەربازی هەواڵی هێرشەكەیان پێ گەیەنراوە لە ڕێگەی خۆی و فەرماندە هەرێمییەكانەوە ,نەك وەك ئەوەی هێرشێكی سەربازی سەرتاپاگیری نەخشە داڕێژراوی بەرفراوان بەڕێوەبێت.
2- سەركردایەتی ئەو لایەنانە كە پەیوەندییەكی گەرم و گوڕیان لەگەڵ ینك هەبوو , دەشیا لە لایەن سەرۆكایەتییەوە بە شێوەی فەرمی ئاگادار بكرانایەتەوە لەو هێرشە بەرفراوانە,ڕاستییەكانیان پێ بوترایا,جدییەتی زیاتر دەبوو .
كاك شەوكەت بۆ خۆی لە پەرتووكەكەیدا ئاوا باسی دەكات : نەدەكرا ڕاستەوخۆ بەرنامەكەی خۆمانیان پێ بڵێین , لەبەر پاراستنی نهێنی چالاكی یەكەو ئاشكرا نەبوونی . دیاربوو زۆریان پێ ووتبون بەڵام لایەنی دیموكرات گاڵتەیان بە هەواڵەكە هاتبوو ووتبویان پڕوپاگەندەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ چەواشە كرنی ئێمە , لە ڕاستیدا لەم لاشەوە چونكە هێز كۆكردنەوەكانی ئێمەو ئێرانیش ئەوەندە بە نهێنی بوو كە بە شەو جموجۆڵمان ئەكرد و بە تایبەتی حكوومەتی ئێران هێزەكانی زۆر بە نهێنی ئەجوڵان بە ئۆتۆمۆبێلی داخراو بە شەو لە ناوچەكانی نێوان (( پاوەو جوانڕۆو باینگاندا)) بڵاوەیان پێ كردبوو لە دۆڵ و شیوو ناو دارستانی ناوچەكەدا جێگایان چاك كردبوو , هاتوو چۆشیان لەو ناوچەیە قەدەغە كردبوو ((كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل106). (( لە هەمان ڕۆژیشدا نامەیەكیان ناردبوو بە كەسێكی دڵسۆزدا كە بیگەیەنێتە لێپرسراوەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی ئێران -((كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 106 ) .
(( ئەم هەوڵانە لە ڕێگەی تیپی 11 ی هەورامانی ینك ئەوە ئەنجام درا (كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل105 ) .
ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ حدكا دانیشتوون و پەیامی هێرشەكەیان پێ گەیاندوون ,كاك شەوكەت بەم شێوەیە ڕیزبەندییان دەكات ((ئەوانەی لە گەڵ دیموكرات دانیشتن بریتی بوون لە شەوكەت حاجی مشیر , مامۆستا ساڵەح قادر, قادر كۆكۆیی, محەمەد حەمە سەعید- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 107 )).
))كۆمەڵە ئەگەر چی دوورتر بوون لە سنوری ئێمە و تێكەڵاویشمان زۆر كەمبوو پێكەوە لەو سەردەمەدا ,هەندێ ساردیش هەبوو لە نێوان هەندێ لێپرسراوانی ئەو سنورەی ئێمە و ئەواندا ئیتر هەر باوەڕیان بە هەواڵەكە نەكرد و گاڵتەشیان پێ هاتبوو و هیچ وەڵامیشیان نەداینەوە نە بە نامە و نە بە نوێنەریان- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل107.((
باشە لە گەڵ لایەنێكدا ساردی لە نێوانتانا بێت ,تێكەڵاویش كەم , دەكرێت بۆ كارێكی وا گەورە بە دڵسۆزێكدا نامە بنێرن , لە كاتێكیشدا دیار نەبێت ئەو دڵسۆزە كێیە؟, چ كارەیە؟و پەیامەكەی گەیاندووە یان نا ؟,ئەمە تەنها هەوڵێكە بۆ خۆدەرباز كردن لە ئابڕوچونێكی گەورە تا ئاستی خیانەتی نەتەوەیی .
هەرچەندە لە جێگەیەكی دی و لە لێدوانی بۆ بەڕێز یۆست هلتەرمان هەموو مەترسییەكان لە ئەگەری خاپوور كردنی هەڵەبجە و درووست بوونی شەڕ بەرجەستە دەكات ((.... لە مارتی 1988دا جەنگاوەرانی حدكا و كۆمەڵە ,لە شاخەكانی سەروی هەڵەبجەوە بوون و لە لایەن ڕژێمی عێراقەوە دەپارێزران, ئەوان ئەگەر هۆكاری سەرەكیی داگیركردنەكەی ئێران نەبووبن, ئەوە بە دڵنیاییەوە یەك لە ئامانجە سەرەكییەكانی بوون .هەر كە هێزەكانی ئێران هاتنە ناو عێراقەوە ,هێزێكی تایبەت یەكسەر چووە سەر ئەم دوو گروپە, بەڵام ینك ,كە پەیوەندیەكی باشی هەبوو,لانیكەم لە گەڵ حدكادا,هەردوو حیزبەكەی ئاگادار كردبوەوە لەو پەلامارەی بەڕێوەبوو,وەك هەوڵێك بۆ دەرباز بوونیان ,هەموو فەرماندەكانی ینك لەسەر ئەوە كۆك بوون و بۆ نموونە , شەوكەتی حاجی مشیر (لە چاوپێكەوتنێكی ساڵی2002دا)وتی كەوا ویستووییەتی دۆستەكانی لە حدكا ڕازی بكات بۆ ئەوەی ئەو ناوە بەجێبێڵن, چونكە بنكەو بارەگایان لە گوندەكانی هاوار و دەرەتفێ بوولە نزیك جەنگاوەرانی ینك ەوە((من چوار كۆبونەوەم لە گەڵ كردن و نەمدەتوانی بڵێم ئۆپەراسیۆن لە كات و ساتدایە.هەموو ئەوەی توانیم كە بیڵێم ئەوەبوو كە عێراق پلانی بۆ ڕووخاندنی هەڵەبجە داناوەو ڕەنگە شەڕ بەرپا ببێت.ئەوان باوەڕیان پێ نەكردین و بێجگە لەوەش لە ژێر فشاری عێراقدا بوون بۆ مانەوە-كارێكی ژەهراوی ,ل255 )).
حاتەم مینبەری یەكێك لە كادیرانی حدكا لە بە شی یەكەمی یاداشتەكانی ئەو ڕۆژگارەیدا ,بە ناوی لە پەراوێزی خنكانی هەڵەبجەدا ,بەم شێوەیە ئەم هەوڵانەی یەكێتیمان بۆ دەگێِرێتەوە ((ئه‌وه‌ی من ئه‌مه‌وێ باسی که‌م زیاتر نه‌قش و رۆڵی حیزبه‌کانی باشووری کوردستان له‌ پێکهاتنی ئه‌م وه‌زعه‌ دا و به‌سه‌رهاتی زیاتر له‌ هه‌زارپینجسه‌د پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بنه‌ماڵه‌کانیان له‌م رووداوه‌دایه‌ که‌ زیاتر له‌ سه‌دکه‌سیان کوژران و به‌ سه‌دانیان ناچار بوون خویان راده‌ستی ریژیمی ئێران که‌نه‌وه‌ )).
((هه‌رچه‌ند زۆر جار هاتووچووی پاسدار و کاربه‌ده‌ستانی ئه‌رته‌شی ئێران بۆ بنکه‌کانی یه‌کیه‌تی ئه‌بووه‌ هۆی نگه‌رانی و ناڕازی بوونی ئێمه‌ به‌ڵام چه‌ندکه‌س له‌ به‌رپرسانی ی.ن.ک. ئێمه‌یان له‌ هه‌موو جمووجووڵێکی ده‌وڵه‌تی ئێران ئاگادار ئه‌کرد و له‌به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌ی ئێمه‌ش دا بۆ هاتووچووی ئێرانیه‌کان بۆ بنکه‌ی ئه‌وان به‌پێکه‌نینه‌وه‌ ئه‌یانوت که‌ ده‌ستتان بۆ به‌رن ده‌ستیان ئه‌بڕین!).
((دووحه‌فته‌ پێش هێرشی ئێران بۆ سه‌ر شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه‌ دوو به‌رپرسی یه‌کیه‌تی هاتنه‌ لای ئێمه‌ و به‌رپرسانی ئێمه‌یان ئاگادار کرد که‌ ریژیمی ئێران به‌نیازه‌ هێرشێکی به‌رین بکاته‌ سه‌ر هه‌موو پارێزگه‌ی سلێمانی و نه‌ک هه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق به‌ڵکوو دوورنیه‌ سلێمانیش بگرن و یه‌کیه‌تی، پارتی و حه‌ره‌که‌ ئیسلامیش هاوکاری ده‌که‌ن و قه‌راره‌ دوای ئازادبوونی، ناوچه‌که‌ بده‌نه‌ ده‌ست هێزه‌ کوردیه‌کان! بۆیه‌ پێشنیارتان پێده‌که‌ین که‌ هێزه‌که‌تان یان هیچ نه‌بێ ژن و مناڵه‌که‌تان له‌مناوه‌ دوور خه‌نه‌وه‌ با تووشی له‌گه‌مارۆ که‌وتن و گیر و گرفتی خراپ نه‌بن! ئێمه‌ پێمان وانه‌بوو له‌ده‌سڵاتی سپای ئێران دا هه‌بێ '' شنروێ''، ''سوونێ'' و ''باڵامبۆ'' که‌ هه‌رکامه‌یان هه‌زاران سه‌رباز و سه‌نگه‌ری بتۆنی و کاناڵ و جێگای سه‌ختی لێ هه‌ڵکه‌نرابوو ده‌ربێنێ، چوونکه‌ پێشتریش ده‌یانجار هێرشیان کردبوو و تێکشکابوون، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دۆستانی یه‌کیه‌تی زۆر به‌دڵنیاییه‌وه‌ قسه‌یان ئه‌کرد و زۆریش دڵخوش بوون که‌ حه‌تمه‌ن ناوچه‌ییکی به‌رین ''ئازاد '' ئه‌بێت و ئه‌وان ئه‌بنه‌ حاکمی ( ساڵێک دواتر هه‌رکه‌ ئه‌مقسانه‌م بیر ئه‌هاتنه‌وه‌ قسه‌ییکی خوشی ک- فه‌تاح کاویانم وه‌بیر ئه‌هاته‌وه‌ و له‌به‌ر خومه‌وه‌ به‌وپه‌ڕی دڵبریندارییه‌وه‌ نه‌م ئه‌توانی پێشی پێکه‌نینی خوم بگرم) به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ به‌قسه‌ی دۆستانمان نه‌کرد، ژن و مناڵ و پیر و په‌ککه‌وته‌ له‌وێ مانه‌وه‌ و رۆژی ده‌ستپێکرانی شه‌ڕیش تازه‌ کار له‌کار ترازابوو، نه‌ک ده‌ربازکردنی ئه‌و گشت خه‌ڵکه‌ بێدیفاعه‌، به‌ڵکوو رزگاربوونی خوشمان که‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و خه‌ریک بوو هه‌موو له‌به‌ین بچین و گه‌وره‌ترین کاره‌ساتی میژوی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌سه‌ر ئێمه‌ تۆمار بکرێ )).
پێشمەرگەكانی یەكێتی لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ قەناعەت پێ هێنانی حدكا بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە (( تێبینی:نابێت لە یادمان بچێت حدكا لەو كاتە لە ناوچەكە بارەگای گەورەی هەبوو بەتایبەتی لە ناوچەی سنووری نەوسوود ,كۆماری ئیسلامی بەهەموو شێوەیەك هەوڵی دەدا لەو ناوچەیە دەریان بكات ,بەهۆی پەیوەندی ینك و ئەو لایەنانە لە گەڵ ئێران ,دەشێت ئەو هەوڵانە وەك فێڵێك بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە سەیر كرابێت و بە پڕۆژەی كۆماری ئیسلامی زانرابێت)) و بەڕێز شەوكەت حاجی مشیر بەم شێوەیە درێژەی پێ دەدات (( دوای چوار ڕۆژ جارێكی تر وەفدێكی ترمان چووینەوە بۆ لایان كە ئەمجارەیان "شەوكەت حاجی مشیر+مامۆستا ساڵەح قادر+قادر كۆكۆیی+محەمەد حەمە سەعید"بووین و چووینە بارەگاكانیان لە "دەرە توێ" هەموو لێپرسراوەكانیان كە لەوێ بوون لە گەڵمان دانیشتن و دوو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندییان كە " مەنسور ڕەشید هەورامی +كاوەی بارامی "بوون لە گەڵ "محەمەدی وەلەد بەگی "دا ئەمجارەیان زۆر بە جدیتر پێمان ووتن برایان تكامان وایە بە گوێمان بكەن و ئەمسنورە چۆڵ بكەن بۆ ماوەیەك خراپ نییە با دوا ڕۆژ توشی زیان نەبین هەمو لامان .ئەگەر باوەڕیش ناكەن پەیوەندی بكەن بە سەركردایەتی خۆتانەوە چونكە ئەوان ئەتوانن پەیوەندی بكەنبە سەركردایەتی یەكێتی و باشتر باوەڕ ئەهێنن- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر,ل107 )) .
كاك شەوكەت دان بەو ڕاستییەدا دەنێت كە بەو هەموو تەم و مژو دەر نەخستنی ڕاستی و دڵنیا نەبوون لە یەكتری و گومانەوە ,نەیان توانییووە قەناعەتیان پێ بێنن لە مەترسی پەلامارەكە ((هەموو ئەو هەوڵ و كۆششەی دامان لەگەڵ "دیموكرات و كۆمەڵەدا" بە هیچ شێوەیە باوەڕیان پێ نەكردین و هێز و ماڵ و مناڵیان لەو سنورە دوور نەخستەوە ئەمەش لەبەر چەند هۆیەك بوو:
1- هیچ هەستیان بە جموجۆڵی هێزی گەورەی ئێرانی نە ئەكرد لەسنورەكەدا و بیریان لای ئەوە نەبوو كە حكوومەت ئەگەر بیەوێت لەماوەی 24 كاتژمێردا گەورەترین هێز كۆئەكاتەوە و بەڕێی ئەكات.
2- زۆر جار حكومەتی ئێران بۆ چەواشە كردنی هێزەكانی عێراق هێزی كۆ ئەكردەوە لە سنورێك دا بەڵام لە پڕ لە شوێنێكی ترەوە هێرشی ئەكرد كە دوور بوو لەو شوێنەی دەنگ و باسی بڵاو بونەوەی هێزی كۆكراوەی هەبوو.
3- زستان بوو سەرمایەكی سەخت بوو ئاسان نەبوو ئەو هەموو بارەگایانە بگوازنەوە .لەو لاشەوە باوەڕیان نەبوو ئێران بەو زستانە جموجۆڵ بكات لەو ناوچە شاخاوییە ساردەدا.
4- وەك پێشتر باسمان كرد "500"پێشمەرگەی شەڕ كەریان بە باشترین چەكەوە لە سنورەكەدا بوو ,جگە لە هێزی بەرگری و لایەنگری حیزب كە نزیكەی 250-300 كەس چەكداریان هەبوو .هەموو شاخە بەرزەكانی ددەورو پشتی خۆشیان گرتبووقایمیان كردبوو,زاتا زۆر باوەڕیانبە خۆیان بوو ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەریان ئەی شكێنن, جگە لەوەش باوەڕیان باوەڕیان هەبوو كە هێزی ینك لە گەڵ هێزی ئێران ناچنە سەریان و شەڕیان ناكەن.
5- دیاربوو ئەم پروپاگەندەو دەنگ و باسەش كەوتبووە بەر گوێی حكومەتی عێراق و ئەویش هەواڵەكانی بە درۆ ئەدا لە قەڵەم لای دیموكرات رێگەی پێ نەئەدان هەروا بە ئاسانی ئەو سنورە چۆڵ بكەن .چونكە بە لای عێراقەوە ئەوە تەنها پرۆپاگەندەی ئێرانە بۆ چەواشەكردنی هێزی سەربازی عێراق كە سەر قاڵی شەڕی سەركردایەتی بوو-كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 108 )).
نەك تەنها لایەنە سیاسییەكان ,بگرە لە لایەكی دیكەوە كۆنترۆڵی جوڵەی خێڵەكانی ناوچەكەشیان كردووە (( لە پێشدا هەوڵماندا"حیزبەكانی دیموكرات و كۆمەڵە"ی ئێران تێ بگەیەنین سنوورەكە چۆڵ بكەن و بەڵێنمان پێدان ئەم جموجۆڵەی بە هیواین لەم سنورەدا دژی ئەوان نابێ بەمەرجێ بە گوێمان بكەن و هاوكاریمان بكەن.داواشمان كرد ئەو ماوەیەی ئێمە پێویستمان بەو سنورە هەیە با خەڵكی ئەوان لەو ناوەدا هاتووچۆ نەكات.لەو لاشەوە بۆ عەشیرەتەكان لە چەندین شوێن پاسەوانمان دانا ناوچەكە كۆنترۆڵ كەین و نەهێڵین هاتووچۆی تێدا بكرێ بۆ ئەوەی هەواڵەكانمان دەرنەچێ لەو عەشیرەتانەی سنوورەكە پێك هاتبوون لە "ایناخی+امامی+كڵاشی+باوەجانی+بەلەبزانی+تاو گۆزی"كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل113 )).
كاك حاتەم مینبەری لە درێژی گەشتی یاداشتەكانیدا بەم شێوەیە درێژە بە وتەكەی دەدات و پشكێك لە ڕاستییەكان دەخاتە بەر دەست و دەڵێت : سێ رۆژ پێش ده‌ستپێکرانی هێرشی ئێران جارێکیتر به‌رپرسێکی ی.ن.ک. هاته‌ بنکه‌ی کومیته‌که‌ی ئێمه‌ (کومیته‌ی کرماشان) و به‌وردی باسی هێرشی ریژیمی کرد و وتی زیاتر له‌ بیست هه‌زار که‌سی هێناوه‌ته‌ پاوه‌ و مه‌ریوانیش پڕه‌، دڵنیابن هێرشه‌که‌ جددییه‌! . من نازانم به‌رپرسانی ئێمه‌ چۆن ئه‌م وه‌زعه‌یان بۆ ده‌فته‌ری سیاسی و شه‌خسی د. قاسملوو باسکردووه‌ و ناشزانم که‌ رێنوێنی و بڕیاری ئه‌وان چیبووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئێمه‌ هه‌روا له‌ جیگای خۆمان دا مه‌ینه‌وه‌ ئه‌و ئێواره‌یه‌ که‌ به‌یانییه‌که‌ی هێرشه‌که‌ ده‌ستی پێکرد که‌م که‌م ژماره‌ییک ژن و مناڵ به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێ کران، به‌ڵام تازه‌ دێرببوو و به‌یانی سه‌عات چوار شه‌ڕ له‌ هه‌رچوارلاوه‌ ده‌ستی پێکرد و ناوچه‌ بوو به‌ یه‌ک پارچه‌ ئاور.
بەڕێز كاك شەوكەتی حاجی مشیریش لە یاداشتەكانیدا درێژەی پێ دەداو دەڵێت ((كە ئێمە گەیشتینە دێی بوێن بۆ دواجار هەواڵمان نارد بۆ ئەو دەستەیەی دیموكراتی ئێران كەئیتر بەبەرییەوەنەماوە پێویستە حسابی تەواو بۆ خۆیان بكەن,بەڵام ئەوان كە بەهێزی خۆیانەوە شانازییان ئەكرد و دەوروبوریان باش قایم كردبوو ئەمجارەش زۆر گرنگیان نەدابوو بەم هەوڵەی ئێمە,لە ڕاستیشدا چونكە هاتووچۆی خەڵكمان بە باشی قەدەغەكردبوو ,جگە لەوەش زۆربەی جموجۆڵەكانمان بە تاریكی شەو بوو بۆیە هەوڵێكمان لانەبوو كە بیسەلمێنێ لەم ناوچەیەدا شەڕێكی قوورس هەڵگیرسێ ,واتە هەمان زانیاری یان هەبوو كە خكومەتی عێراق هەی بوو لەسەر ناوچەكە و لەوەش دڵنیابوون كە ئێمە بە تەنیا جێیان ناهێڵین.
ئێمە بۆ ئەوەی چارەسەری كەم تەرخەمی "دیموكرات"بكەین .دوو دەفتەر وەرەقەی خۆمانمان بە "مۆری تیپی11ی هەورامانی ینك"مۆر كرد و ئامادە كرد.دوو دەفتەر وەرەقەی خۆمانمان بە "مۆری تیپی 11ی هەورامانی ینك " مۆركرد و ئامادە كرد ,كە ئەگەر هەر لایەنێك و كەسێكی كوردی ئێران ی لە كاتی شەڕەكەدا ڕووبكەنەلێپرسراوەكانمان بۆ داوای یارمەتی یەكسەر وەرەقەی بۆ بكرێ بۆ ئەوەی تووشی گرتن و دەردی سەری نەبێ .بە پێی ڕێككەوتنامەكەی نێوان ئێمەو نوێنەرانی حكومەتی ئێران كە لە كرماشان بڕیاریان لەسەر دابوو,پێشتر واشمان كرد كە هەموو بەرواری كۆنی لێ بدرێت بۆئەوەی "حیسابی"بۆ بكرێت كە لە كۆنەوە ئەو كەسە بڕیاری خۆی داوە ,ئەم وەرەقە مۆركراوانەمان دابەش كرد بەسەر لێپرسراوی رەِتلەكان و بارەگاكانی ناوچەكەدا بەشێكمان نارد بۆ ناو شار لای ڕێكخستن بێت بۆ هەمان مەبەست-كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل120 )).
وەلێ لە ڕاستیدا , كە گەیشتنە ڕۆژە ڕەشەكە , كە كار لە كار ترازا ,هیچ پێشمەرگەیەكی ڕۆژهەڵات ئەو نامە مۆردارانەیان نەبینی .هەرچەندە لە گۆڤاری لڤیندا بەرپرسێكی یەكێتی كە ناوی دیاری نەكراوە, وا قسە دەكات كە ئەو كاغەزە مۆردارانەیان داوە پێیان ((گۆڤاری لڤین لە ڕاپۆرتێكی شیكاریدا لە ژێر سەر دێری "ئەو هەڵە ستراتیژییەی كیمیابارانی لێكەوتەوە "ڕاپۆرتی یاسین ڕەسوڵ عوسمان ,بەم شێوەیە ئاماژە بە كێشەی ئەو تێكۆشەرانە دەدات ,بەوەی كۆماری ئیسلامی لە پەلاماری هەلچەبجە جگە لە ئێراق بە دوای لێدانی ئەوانیشەوە بوووە و بۆ ئەم مەبەستە جاشی بۆ پەلاماریان هێناوە ,لە ڕاپۆرتەكەی لڤیندا هاتووە : "... بە وتەی بەرپرسێكی ینك شەوی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە سێ بەرپرسی ینك لە گوندی هەوارە كۆن چوونەتە لایان(دیموكرات) و لە نیازی ئێران ئاگاداریانییان كردوون,دیموكراتەكان ڕێگەی شەڕو بەرگرییان هەڵبژارد و پاشان داوای چەند بەڵگەیەكی مەرەخەسیان كردووە,تا لە تەنگانە وەك هێزە كوردەكانی باشوور بەكاریان بهێنن...... )).
بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموودیش لە یاداشتەكانی خۆیدا , بەم شێوەیە بەسەرهاتی ڕۆژە سەختەكانی ئەو تێكۆشەرانەمان بۆ دەگێڕێتەوە (( ... كاك شەوكەت و كاك حامید ووتیان ئێران دەزانێ هێزی دیموكرات لەو ناوەیە و ئێستا هەرچی بەسیج و كوردی لای پاوە و جوانڕۆ هەیە هێناویانە بۆ ئەوەی بیانناسن و ئەگەر بگیرێن دەبێتە عەیبەیەكی گەورەو ئابڕومان دەچێت ووتیان ئێمە هیچمان پی َناكرێت و مەسئولەكانیان لە عەبابەیلێ لە (2-3) جێگا شاردومانەتەوە , من لە ڕۆژی 21-3-1988 دوای نیوەڕۆ ڕۆیشتمە عەبابەیلێ لە ژێرزەمینێكدا بون هەموویان نزیكەی (25) كەس لە مەسئولەكانیان لەوێ بوون زۆر وەزعیان خراپ بوو زۆر ناڕەحەت بوون گلەییان لە كاك شەوكەت و یەكێتی كرد كاك شەوكەت پێی وتوون هیچ چارەیەك نییە یا شەڕ بكەن تا دەكوژرێن یا تەسلیم بن بە ئێران ئەگەر خێزانەكانیان تەسلیم بێت هیچیان لێ نایات یا بۆیان دەبەنە سەردەشت یەكێتی من كە چووم هەندێك دڵخۆشیم دانەوەو ووتم هەوڵ دەدەم كە هی تان تووش نەبێت ووتیان (900) كەسین ووتم با (2) هەزار كەسیش بن لەوانە كاك موزەفەری میتران ئەندامی سەركردایەتی دیموكراتی ئێران و زۆری كەش بوون كاك كەماڵ دشەیی لە هۆڵە بەگیەكان جیهازێكی بی سیمی هێنا ووتی دكتۆر قاسملو دەیەوێت قسەت لەگەڵ بكات و سوپاست بكات من یەكسەر ئەوەم وەبیر هاتەوە جارێك لای واوان و لە مەقەڕی مەكتەبی سیاسی دیموكرات دكتۆر قاسملو بە كاك ڕەسوڵ و دكتۆر محمود و برادەرانی ئێمەی وتبوو حمەی حاجی محمود سەربەخۆو لەسەرحیسابی كورد پەیوەندیەكی توند و تۆڵی لەگەڵ ئێران لە سنوری مەریوان دامەزراندوەو برادەرانی ئێمەی ئیحراج كردبوو كاك ڕەسوڵ وتبوی ئێمە خۆمان ئاگادارین لە پەیوەندییەكانیان یەكسەر ئەو قسەیەم وەبیرهاتەوە ووتم كاك كەماڵ سڵاوی لێبكە چونكە جیهازەكان هەموو كۆنترۆڵ بون ووتم ئێمە كوردین و لە هەموو ناخۆشیەك لەگەڵ میلەتی خۆمانین لە هەر جێگایەك هەبێت لەناو ژووەكە هەموویان دەستیان دەكرد بە پشتێنەكەمدا لە ناو عەشائیری ئەو مەعنای ئەوەیە كە ڕجا دەكەین دكتۆر قاسملو بە جیهازەكە هاواری دەكرد دەیوت حیزبی دیموكرات مردن و زیندوبونەوەی بە دەستی كاك مەحمودی حاجی محمەدە ئیتر منیش (2-3) پێشمەرگەی خۆمم نارد مەلا فائیق و چەند كەسێكی تر بە سەیارەكانی خۆمان هەموو مەسئولەكانیان لە گۆمە لار و خورماڵەوە لە بەری هێلان پێ وە و لە ناو هەموو سوپای پاسداران و جەیشی ئێرانەوە گەیاندە مەقەڕەكانی سورێن لە میری سورەوە بۆ شەوی دوایی كاك شەوكەت و كاك حامید هێزەكەی دیموكراتیان گەیاندبووە نزیك خورماڵ لەوێ تەسلیم بە برادەرانی ئێمەیان كردبوو ( ڕۆژمێری پێشمەرگەیەك – محمد حاجی محمود – بەشی سێ یەم – ل117-118). 
كاك حاتەم مینبەری لە بەشی دووی یاداشتەكانیدا "لە پەراوێزی خنكانی هەڵەبجەدا" دەڵێت: ((سپای ئێران به‌ره‌و سه‌ید سادق و شانه‌ده‌ری له‌ حاڵی پێشڕه‌وی دابوون و رادیۆ تاران مزگێنی گیرانی سلێمانی به‌ بیسه‌رانی ئه‌دا؛ نێوان هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ زیاتر له‌ سی (30) کیلۆمه‌تر ده‌بوو، واتا ئێمه ‌و خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر له‌ سی کیلۆمه‌تر له‌ پشته‌وه‌ی به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌ گه‌مارۆدا و سه‌رگه‌ردان سه‌عاتمان بۆ رووداوی چاوه‌ڕوانکراو ئه‌ژماردن. ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ی.ن.ک و پ.د.ک بیانویستبا ئه‌یانتوانی پێشی خه‌ڵک به‌رده‌ن و لانیکه‌م له‌شار چووبانایه‌ ده‌ره‌وه‌ تا ئه‌گه‌ر شار بۆمبارانیش کرا خه‌ڵک نه‌کوژرێ؛ به‌ڵام ئه‌وان له‌لایه‌ک فریوی فروفیشاڵی ته‌بلیغاتی ئێرانیان خوارد و له‌لایکیتره‌وه‌ دڵڕه‌شی سه‌دام و به‌عسیان به‌که‌م گرت، تا ئه‌و به‌ڵایه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و خورماڵ و سیرواندا هات.

لاپەڕەكانی ئەو ڕۆژگارە پڕە لە خیانەت و مرۆڤ فرۆشتن, پڕ لە دەڵاڵی كردن بەسەری براكانەوە ,با بزانین كاك حاتەم لە بەشی سێیەمی یاداشتەكانیدا چۆن باسی لاپەڕەیەكی ناشرینمان بۆ دەكات,ئەو لاپەڕەیەی لە باشووردا لە سەردەمی ئەنفالدا دەیان كەلەسەری بردەوە بۆ ئەنفالچییەكان,ئەمە لاپەڕەیەكی زۆر ڕەشە و پێویستە كاك حاتەم ئەو كەسە دیاری بكات,دەنا ئۆباڵی مێژوو لێی نابورێت ((رۆژیک پاش شیمیایی بارانه‌که ‌''موحسین ره‌زایی'' فه‌رمانده‌ی سپای پاسدارانی ئێران، خوی هاتبووه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و کێشه‌ی ئێمه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستاندا باس کردبوو، ئه‌وانیش که‌سێکیان بۆ لاێ ئێمه‌ نارد و وه‌زعه‌که‌یان له‌گه‌ڵدا باس کردین، یه‌کێک له‌ به‌رپرسانی ی.ن ک پێشنیاری کردبوو که‌ ئێمه‌ بچینه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ چه‌ند ماڵی به‌رزدا که‌ به‌ "شۆقه‌ سپیه‌کان" به‌ ناوبانگ بوو خومان حه‌شار ده‌ین و ئه‌و به‌ڕێزه‌ قه‌ولیشی دابوو که‌ ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌کانیش بزانن کاریان پێمان نابێ! دیاره‌ ئه‌مه‌ پلانێکی خاوی ئه‌و په‌ڕیزه‌ و ''براده‌ر ره‌زایی'' بوو تا هه‌موومان له‌و ماڵانه‌ که‌ن و دوایه‌ به‌ به‌رنامه‌ بێنه‌ سه‌رمان و بێزیان له‌ به‌ینمان به‌رن، بۆیه‌ ئێمه‌ قه‌بووڵمان نه‌کرد. ئێواره‌که‌ی هه‌لیکۆپته‌رێکی ئێران نزم نزم هات به‌سه‌رماندا فڕی و ئه‌وانه‌ وه‌ک من چاویان کز نه‌بوو ئه‌یان وت به‌ کامێرای ڤیدیۆ فیلمیان لێ گرتووین، ئێمه‌ به‌یه‌ک فیشه‌ک ئه‌مان توانی ئه‌م کۆپته‌ره‌ی دژمن بخه‌ینه‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م کاره‌ وه‌ک درۆخاندنی هێلانه‌ی زه‌رده‌واڵه‌ وابوو، پاش چه‌ن ده‌قێقه‌ هه‌زاران سه‌ربازی ئێرانیمان وه‌سه‌ر ده‌گه‌ڕان و تووشی شه‌ڕیکی نه‌خوازراو ئه‌بووین. 
دیارە لاپەڕەكان هەموو ڕەش نین ,مرۆڤە خاوەند باوەڕەكانیش جێگەی ستایشن, كاك حاتەم لە بەشی پێنجی یاداشتەكانیدا ,بەم شێوە باسی ڕۆڵی كۆمەڵێك لە تێكۆشەر دەكات و دەنووسێت ((سه‌رئه‌نجام لای ئێواره‌ هه‌روه‌ک رۆژی پیشوو به‌ هاوکاری حه‌مه‌سیاسی و هاوڕێیانی له‌ سه‌فێکی رێک و پێک دا به‌ره‌ خورماڵ به‌ بناری کێوه‌کان دا که‌وتینه‌ڕی، هێشتا نیوسه‌عات رێگامان نه‌بڕیبوو له‌سه‌ر جاده‌ی ته‌وێڵێ - هه‌ڵه‌بجه‌ تووشی ستوونێکی سپاێ ئێران بووین! یه‌کیه‌تییه‌کان چوونه‌ پێشی سپاکه‌ی ئێران، داوایان لێکردن رێگامان بده‌ن و وتیان ئێمه‌ هێزی یه‌کیه‌تین و ئه‌چین بۆ میری سوور! ئێرانیکانیچ بێ گیر و گرفت رێگایان بۆ کردینه‌وه‌ و به‌ نێوان ستوونه‌که‌ دا تێپه‌ڕین و درێژه‌مان به‌ رێگا دا، نزیکه‌ی سێ سه‌عاتێک روویشتین، به‌ناو ده‌یان دۆڵ و چه‌ندین چۆم دا تێ په‌ڕین و به‌رپرسان هه‌ر هاواریان ئه‌کرد که‌ ئاو نه‌خوه‌نه‌وه‌ ئاوه‌که‌ '' مه‌سموومه‌'' به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ی ماندووی تینووی هێز لێبڕاو که‌ی گوێ له‌م هاوارانه‌ ئه‌گرت! چه‌ندین که‌سم بینین مشتیان پڕ ده‌کرده‌ ئاوو و دوای خواردنه‌وه‌ی ئه‌یانوت ئاو چۆن '' مه‌سمووم ئه‌وێ''.
یۆست هەلتەرمان بەمشێوەیە ئەو گەشتە سەختەی دیموكراتەكان دەگێڕێتەوە لو ڕۆژە ڕەشە پڕ لە خیانەتەدا (( كوردە ئێرانییەكان دوو ڕۆژ شەڕیانكرد لەگەڵ ئەوانەی پەلاماریان دان و تەنها 3 پیاویان لە دەستدا و دوا جار بەرەو خورماڵ پاشە كشەیانكرد, لەوێوە مەفرەزەیەكی ینك كەوتنە تەك جەنگاوەرەكان و خێزانەكانیان بۆ پارێزگارییان لە گەشتێكی مەترسیداردا وماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە بوون تەنها بە شەو ڕێیان دەكرد ,بە درێژایی زنجیرە شاخ و بە دەوروپشتی ڕەبایەی تازە دامەزراوی ئێراندا و بەسەر هێڵی بەرەدا ,لە نزیك شارۆچكەی سەید سادقەوە ,گوزەركردن بە ناوچەكەدا زۆر سەخت و دژوار بوو,چونكە بە خەستی مینڕێژ كرابوو. پێشمەرگەكانی ینك بەو هۆیەوە كە چەند ساڵ بوو نەچوبوونە ئەو ناوچەیە, شارەزای ئەو شوێنانە نەبوون كە مەترسیدار بوو, هەر چۆنێك بوو سێ جەنگاوەری حدكا بە مین بریندار بوون لە كاتی كشانەوەیاندا, بەڵام پێش ئەوەی بپەڕنەوە بۆ بەری عێراق ,بە بێتەل سەركردەكانی خۆیان لە بۆلێ ,بە چیای قەندیلەوە ,ئاگادار كرد و داوایان لە سەركردەكانیان كرد بە فەرماندەكانی عێراق بڵێن لە سەید سادق لە كاتی تێپەڕینی ئەماندا تەقە نەكەن –كارێكی ژەهراوی ,یۆست هلتەرمان ,كۆمپانیای ئاوێنە,ل256 )).
ئەم هاوكارییانە بۆ پێشمەرگەكانی حدكا جێگای پێشوازی سەركردایەتی یەكێتی نەبوونە ,تەنها دەسپێشخەری دڵسۆزانە بووە ,بۆیە پێی ناچێت هەڵوێستی حیزبی بووبێت ,ئەگەر لەكاتێكدا ئەم وتانەی كاك شەوكەت دوور بێت لە تاكتیكی دیبلۆماسیەتەوە ((یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیاتر یارمەتیدەر بوو بۆ حدكا و شەوكەت سەرزەنشتكرا لەسەر ئەو ڕۆڵەی لە ڕزگار كردنیاندا گێڕای و لە كەدار بونی پەیوەندی دواتری لەگەڵ ئێرانییەكاندا –كارێكی ژەهراوی ل256 )).

هەڵوێستی حدكا لە سەر كیمیا بارانكردنی هەڵەبجە
كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و بەشداریكردنی ئێران لە دوو بەرەوە لەم شەڕە ,بەرەی بەعس و بەرەی لێدانی لایەنە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات , جیاواز نەبوونی دڕندەیی هەردوو وڵات لە سەركووتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە هەر دوو دیوی سنوور ,وایكرد بە سانایی باوەڕ بكرێت كە هەردوولای شەڕكەر گازی كیمیاویان لەو جەنگە بەكار هێناوە .
(( ... كاربەدەستێكی سیاسیی باڵوێزخانە لە نیسانی 1988دا سەردانی (( بەرپرسێكی كوردی ئێرانی)) كردبوو لە ئۆفیسی حدكای بەغدا,بە پێی برووسكەیەكی قەدەغە لەسەر هەڵگیراو كە ناوی كوردەكەی تێدا سڕابوەوە ,لەوێ قسەیان لەسەر ڕوداوەكانی هەڵەبجە كردبوو,بەڵام بەرپرسەكە بە پێی قسەی دیبلۆماتە ئەمەریكیەكە(( بەڵگەیەكی وای پێنەبوو ئەو ئیدعایە بسەلمێنێت كە ئێرانییەكان چەكی كیمیاویان بەكار هێناوە. ل 256-257 )). 
هاوكات لە پای ئەوەی گوایە شەهید قاسملو ئێرانی بە كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە تۆمار كردووە نەك عێراق ,سەركردەیەكی حدكا بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە (( رێگا مه‌گه‌زین: له‌كاتی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا قاسملۆ نكۆڵی له‌وه‌ كردبوو كه‌ئێراق كیمیابارانی كردبێت و رایگه‌یاندبوو كه‌ئێران به‌م كاره‌ هه‌ستاوه‌ هۆكه‌ی چی بوو؟
عه‌بدوڵا حیجاب: هه‌‌ر چه‌‌ند ئه‌‌و پرسیاره‌‌ په‌یوه‌ندی به‌‌بابه‌‌تی دیمانه‌‌كه‌‌ یا سیاسه‌‌تی هه‌‌نۆكه‌ییه‌‌وه‌‌ نیه‌‌، به‌ڵام مادام پرسیاره‌‌، وه‌ڵامی ده‌‌ده‌‌مه‌‌وه‌‌. دكتۆر قاسملۆ سیاسه‌‌توانێكی به‌‌تواناو خاوه‌‌ن هه‌‌ڵوێست بوو له‌‌چوارچێوه‌ی رێئالیزمی بزوتنه‌وه‌ی كوردیدا كه‌‌ بۆ به‌رده‌‌وامیی خه‌‌باتی چه‌‌كدارانه‌‌ په‌یوه‌ندی له‌‌گه‌‌ڵ ئه‌‌و ده‌‌وڵه‌‌تانه‌ داده‌‌مه‌‌زرێنێ كه‌‌ هاوكات له‌‌گه‌‌ڵ كوردی "خۆی"‌ به‌‌شێوه‌یه‌‌كی نامرۆڤانه‌‌ شه‌ڕ ده‌‌كا، ڕه‌‌نگه‌‌ پتر له‌‌زۆربه‌ی لایه‌‌نه‌‌كانی دیكه‌ی كورد حورمه‌‌تی نرخ و به‌رژه‌‌وه‌‌ندیه‌‌ نه‌‌ته‌وه‌ییه‌‌كانی پاراستبێ. سه‌‌باره‌‌ت به‌هه‌‌ڵوێستی حزبی دیموكراسی كوردستانی ئێران و دكتۆر قاسملۆ وه‌‌ك سكرتێری حزب له‌په‌یوه‌ندی له‌‌گه‌‌ڵ‌ كاره‌‌ساتی هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌دا‌ به‌‌ڵگه‌ی مێژووی هه‌‌ن و ده‌‌بێ بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌‌و پرسیاره‌‌ پشت به‌‌و به‌‌ڵگانه‌‌‌وه‌‌ ببه‌‌ستین. وا نیه‌‌ كه‌‌ قاسملۆ نكۆلی له‌‌كیمیابارانی هه‌‌له‌‌بجه‌ له‌‌لایه‌‌ن عێراقه‌‌وه‌‌ كردبێ. به‌‌پێچه‌‌وانه‌‌وه‌‌، دكتۆر قاسملۆ به‌‌خۆبواردن له‌‌دانه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی راسته‌‌وخۆ به‌‌م پرسیاره‌‌ ئه‌‌و بڕوایه‌ی به‌هێزتر كرد كه‌‌عێراق ئه‌‌و كاره‌ی كردبێ. ئه‌‌و ده‌‌م قاسملۆ له‌‌دیمانه‌یه‌‌كیدا له‌‌گه‌‌ڵ رادیۆی (BBC) گوتی "... ئێرانیش له‌‌شه‌ڕه‌‌كانی دا له‌‌دژی ئێمه‌‌ گازی كیمیاوی به‌‌كار هێناوه‌‌و وێ ده‌‌چێ كه‌‌ له‌‌م هێرشه‌ی دواییشدا ئه‌‌و گازه‌ی به‌‌كار هێنابێ... ئێمه‌‌ وه‌‌ك حدكا هه‌‌ر چه‌‌شنه‌‌ هێرشێك بۆ سه‌‌ر خه‌‌ڵكی مه‌‌ده‌‌نی له‌‌لایه‌‌ن هه‌‌ر كه‌‌سێكه‌‌وه‌‌و به‌هه‌‌ر شێوه‌یه‌‌ك كه‌‌ كرابێ مه‌‌حكووم ده‌‌كه‌ین".
ئه‌‌گه‌‌ر مه‌‌به‌‌ستی قاسملۆ ئه‌‌وه‌‌ نه‌‌با كه‌‌عێراق مه‌‌حكوم بكا، له‌‌و چوارچێوه‌یه‌‌دا هه‌‌ر ناوی ئێرانی نه‌هێناوه‌‌، كه‌‌وابوو هه‌‌ڵوێستی ئه‌‌و زۆر ڕوون بووه‌و ئه‌‌وه‌‌ش بووه‌‌ هۆی ئه‌‌وه‌‌ كه‌‌ ڕژێمی عێراق زۆر تووڕه‌‌ببێ و له‌‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ڕێگای به‌‌غداوه‌‌ بۆ كوردستان ته‌‌گه‌‌ره‌ی بۆ بێنێته‌‌ پێش.
دكتۆر قاسملۆش كه‌‌ به‌‌ده‌‌گمه‌‌ن له‌‌گه‌‌ڵ ڕاگه‌یاندنه‌ گشتی‌یه‌‌كانی عێراق دیمانه‌ی ده‌‌كرد، ئه‌‌و ده‌‌م چه‌‌ندین وتوێژی له‌‌گه‌‌ڵ ڕۆژنامه‌‌كانی به‌‌غدا پێكهێناو له‌هه‌‌موویاندا هه‌‌ر هێرشی كردۆته‌‌ سه‌‌ر هۆكاری به‌رده‌‌وامبونی شه‌‌ڕ كه‌‌ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بووه‌، دووباره‌‌ خۆی له‌‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاسته‌‌وخۆ‌ی ئه‌‌‌و پرسیارانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیان به‌‌كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌‌ بوو پاراست، دواتر ڕۆژنامه‌‌كانی عێراق به‌‌ سه‌‌ردێری گه‌‌وره‌‌ نووسیان "‌سكرتێری حزبی دیموكرات، ئێران به‌‌ به‌رپرسی هێرش بۆ سه‌‌ر هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ ده‌‌زانێ".گوڤاری‌ ریگا- ئایا راسته‌ (قاسملۆ) ئێرانی مه‌حكوم كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا؟راپۆرتی: سۆران عومه‌ر )) 23 / 12 / 2009 )).
لە دوای شەڕی هەڵەبجە , دوور لە پەیوەندییەكانی حدكا و ڕژێمی بەعس ,حدكا ئامەریكایان لە پەلاماری ئەنفال ئاگادار كردۆتەوە بۆ ئەوەی هەڵوێست وەربگرێت ((لە نیسانی 1988 دا نوێنەرێكی حدكا لە بەغدا سەردانی باڵوێزخانەی ئەمەریكای كردووەو بۆ نیوتنی گێڕاوەتەوە كە " شاڵاوی ئێستای عێراق عێراق (ئەنفال-1) و (ئەنفال-2) دژ بە كوردی (ینك) بە ڕێوە دەچێت لە ڕۆژهەڵات و باشووری سلێمانیدا –كاریكی ژەهراوی ل 180-181 )) .
هەوڵوێستی حدكاو كۆمەڵە لە گەڵ لایەنەكانی باشوور زەوی و ئاسمانە !!.

كارەساتەكە لێرەوە دەست پێ دەكات :شەهید كردنی پێشمەرگەكانی گوردانی شوان


نەخشەی بارەگاكانی گوردانی شوان و لەشكر كێشی كۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە


پێشمەرگەكانی گوردانی شوان
(( كۆمەڵە ئەگەر چی دوورتر بوون لە سنوری ئێمە و تێكەڵاویشمان زۆر كەمبوو پێكەوە لەو سەردەمەدا ,هەندێ ساردیش هەبوو لە نێوان هەندێ لێپرسراوانی ئەو سنورەی ئێمە و ئەواندا ئیتر هەر باوەڕیان بە هەواڵەكە نەكرد و گاڵتەشیان پێ هاتبوو و هیچ وەڵامیشیان نەداینەوە نە بە نامە و نە بە نوێنەریان كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل107.((.
((جەنگاوەرەكانی كۆمەڵە ,كە دۆستی ینك نەبوون ,لە بیارە بوون, شەوكەت دەڵێ لەگەڵ ئەوەشدا ئاگاداری كردونەتەوە كەوا كێشەیان دێتە ڕێ. بەهەر حاڵ , هیچ لایەكیان گوێیان بەم ئاگادار كردنەوەیە نەداو ینك وازی لە گرووپی كۆمەڵە هێنا چی بەسەر دێت با بێ- كارێكی ژەهراوی ,ل255)).

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی كۆمەڵەو یەكێتی, وە كاری هاوبەش لە گەڵ سوپای ئێراق لە لایەن كۆمەڵەوە ,تەنانەت كەمتریش لەوە و لە ئاستی چالاكی دیاریكراودا , داواكاری لە كۆمەڵە كراوەو لە لایەن ئەوانەوە ڕەتكراوەتەوە, بەڕێز ئیبراهیمی عەلیزادە لەمبارەیەوە دەڵێت ((عەلیزادە لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا لەسەر پەیوەندی بەستن لەگەڵ بەعس، ئاماژە بەوەدەكات كە زۆر پێویستیان بە هاوكاری بووە ئەوكاتیش ئێران و عێراق لەشەڕێكی سەختدابوون و ئەوان هیچ ناوچەیەكی ئازادكراویان لەكوردستانی ئێران لەبەردەستدا نەبووە دەنا لەوانەبوو ناچاری دروستكردنی وەها پەیوەندییەك نەبووبان، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان پرسیان بە(ی.ن.ك)كردووە، هەروەها ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ئەو پەیوەندیانە بۆ ئێمە بێ ژانەسەر نەبوون. بۆ ئەمەش نموونەی كوژران و برینداربوون و بەركیمیاوی كەوتنی دەیان كەس لەپێشمەرگەكانیان بەدەستی ئەرتەشی عێراقی دەهێنێتەوە، كە بە ئەنقەست بەرامبەریان ئەنجامی داوە.
بەعس دژی كۆمەڵەی ئێران چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە
عەلیزادە ئەوەش ئاشكرا دەكات كە بەعس لە دۆڵی (بۆتێ)ی نزیك رانیەو 23كەسی ئەوانی بە بۆمباران كوشتووەو 150تریشی لێ برینداركردوون، بەڵام كاتێك ناڕەزایەتی بەرامبەر بەعس دەردەبڕن، ئەوان بۆ نزیكی ئەوان لە مقەڕەكانی ئۆپۆزسیۆنی بەعسی دەگێڕنەوە، ئەوكات لەدانیشتنێكی نێوان بەعس و كۆمەڵەدا، بەعسیەكان بۆ رەواندنەوەی نیگەرانیەكانی كۆمەڵە لەسەر ئەم رووداوە، داوای لێبوردن دەكەن و رێگە دەدەن كۆمەڵە بەیانێك بڵاو بكاتەوەو بنووسن بەعس عوزرخواهی هێناوەتەوە، بەڵام نابێت ئاماژە بە چەكی كیمیاوی بكەن. ئەو دەڵێت "ئەم هێرشانەی بەعس بۆ سەر ئێمە، باجی پەیوەندی ئێمە بوو بە خەڵكی كوردستان و یەكێتی، چونكە دەرگای مقەڕەكانی ئێمە هەرگیز بەڕووی پێشمەرگەكانی یەكێتی دانەخرابوو".
تەنها مەسعود رەجەوی و قاسملو دەیانتوانی سەدام ببینن
عەلیزادە سەبارەت بە پەیوەندی و بینینی سەدام ئاماژە بەوەدەكات كە ئەوان هەوڵیان داوە ئاستی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ خودی سەدام دابێت، بەڵام ئەو دەرفەتە نەخولقاوەو بەعس بۆ ئەمە دەزگایەكی موخابەراتی دامەزراندبوو، دەڵێت "بەڵام ئەوكات تەنها مەسعود رەجەوی و جاروبار دكتۆر قاسملو ئیمكانی ئەوەیان هەبوو سەدام ببینن".
بەعس داوای ئەنجامدانی كاری تیرۆرستی لەكۆمەڵە كردووە
ئیبراهیم عەلیزادە لەو چاوپێكەوتنەدا ئاماژە بەوەدەكات كە بەعس لەدانیشتنەكانیاندا داوای كاری تیرۆرستی و تەقینەوەو لێدوان لە پێگە ئابووریەكانی ئێران، لە شارە كوردیەكانی ئێرانی لەكۆمەڵە كردووە، بەڵام ئەوان رەتیان كردۆتەوەو دەڵێت "ئەو داوكاریەی ئەوانمان رەت كردۆتەوەو هیچ كات حازر نەبووین پلانە نیزامیەكانی ئەوان قبووڵ بكەین".سه‌رچاوه‌: گۆڤاری سڤیل - غەفور هیرانیئیبراهیم عه‌لیزاده‌: "ئێران مەبەستی لێدانی دیموكرات نەبوو، بەڵكو مەبەستی شكاندنی سومعەی یەكێتی بوو" 28-1-2010 )) 
بە پێچەوانەی ئەم هێزە, بەشێكی زۆر لە هێزەكانی باشوور ,لە پێشبڕكیدا بوون بۆ هێنانی پاسداردار ,بە بێ گوێدانە شوێنەوارە سیاسی و زیانە مرۆیی و چارەنووسی خەڵك و خاكی كوردستان .
لە بەرامبەر وتەی كاك شەوكەت حاجی مشیر گوایە ئاگاداری كۆمەڵەیان كردۆتەوە ,ستار ئەوێ هەنگ یەكێك لە هەڵسوڕاوانی كۆمەڵە دەڵێت ((نەخێر تا ئەو جێگەیەی من وەك كادێرێكی تەشكیلاتی كەسێكیش بووم بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵە بووم لە شاری رانیە لە گەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تا ڕادەیەكیش عێراقیش,مەبەستم لە عێراقی تەشكیلاتی نهێنی ینك لە شاری ڕانیە.ئێمە ئاگادار نەكراوینەتەوە ,چونكە زۆر پرسیار كراوە ئێمە بۆ ئەم زەربەیەمان خوارد ؟؟ ,بۆ دیموكرات و سوپای ڕزگاری نەیان خوارد كە ئەوانیش نزیك بوون لێمانەوە ؟؟, ئەوەی ڕاستی بێت ئەوانیان ئاگادار كردبونەوە بەڵام ئێمەیان ئاگادار نەكردبووەوە لە هێرشەكە)).
لە یاداشتەكانی كاك شەوكەتدا سەبارەت بەئاگادار كردنەوەی كۆمەڵە ناوی هیچ كەسێك لە دوو تەرەف (( ئاگادار كەرەوەو ,ئاگادار كراوە)), دیاری نەكراون ,كە ئاماژەشی پێداوە تەنها بۆئەوەیە خۆیان لەو تاوانە دەربكەن كە بەرامبەر بەو تێكۆشەرانە ئەنجامیان داوە,یۆست هیلتەرمانیش وەك لێكۆڵەرەوەیەكی شارەزا ئاماژە بەوە دەدات لێگەڕان كۆمەڵە چی بەسەر دێت با بێت؟؟ ,هیوادارم لیژنەیەكی گەڕان بە دوای ڕاستیەكان بۆ ئەم تاوانە پێك بهێنرێت و بە سانایی دەرباز نەبێت و تێ نەپەڕێت .
كارێكی سەربازی بەو گەورەییە ,پێویستی بەوەیە لە ئاستێكی بەرزدا پەیوەندی بكرابایا بە لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە ,نەك بەوەی بە ڕێبوارێكی نەناسراوا هەواڵی چۆڵكردنی بارەگایان بۆ بنێرن ,ئەمە بۆ خۆی ناجدییەتی ئاگادار كردنەوەكەیە, ئەگەر لە حالێكدا ئاگاداریش كرابێتنەوە !!,هێزی كوردی سایكۆلۆژییەتی وایە بە سانایی دەست لە چەك و بارەگاو سەنگەر هەڵناگرێت , نەخوازەلا هێزێكی ئایدۆلۆژی وەك كۆمەڵە, وێرای ئاست نزمی لە ڕووی بەرپرسیارێتی گەیەنەرانی هەواڵەكە پێیان ئەگەر ئەویش ڕاست بێت ,هەرچەندە تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەك نیە ئەوە بسەلمێنێت .
یۆست هلتەرمان ئاوا باسی چركە ساتەكانی شەهید كردنی ئەو تێكۆشەرانە دەكات و دەنووسێت ((ئێرانییەكان پەلاماری تاقمێكیان دان كە لە 100جەنگاوەرێك كەمتر بوون و ئەنجام بەرەو دامێنی چیاكە هەڵاتن و بە قەراغ دەریاچەی سیرواندا ڕۆیشتن,بەلای گوندی ڕوخاوی ئیمامی زامندا و ماوەی 3 ڕۆژ مانەوەو لە ناو پیشەڵان و گژو گیادا خۆیان حەشار داو چاوەڕێی یارمەتی و هێز ناردنی عێراق بوون .بەڵام پێش ئەوەی ئەو یارمەتییە چاوەڕوان كراوە بگات,دەورییەكی ئێرانی زۆربەی ئەو گروپە بچووكە لە ناو برد وتەنها پێشمەرگەیەكی كچ بە برینداری دەرباز بوو.شەوكەت دەیوت من دكتۆرم بۆ پەیدا كرد و جلی مەدەنیم لەبەر كرد دواتر بە سەلامەتی گەیاندمەوە هێزە سەرەكییەكەی كۆمەڵە لە سەرووی قەڵادزێوە لە بەری عێراق نزیك سنوور -كارێكی ژەهراوی ,ل255-256 )) .
كاك ستار بەم شێوەیە باسی ئەو كارەساتە دەگێڕێتەوە ((كاتی هێرشەكەیان هاوڕێی گیان بەخت كردوو كاكە شوكراللەی خێراباتی ناسراو بە هاوڕێ شۆكێ كە فەرماندەی گوردانی شوان بوو ,لە كاتی هێرشەكەیا بە بێسم كۆمیتە ناوچەی سنەی ئاگادار كردۆتەوە كە ڕژێم هێرشی هێناوە بۆ سریان ,ئەوانیش لە ئۆردوگای چنارە بوون,شۆكی و ئەوان واتا گوردانی شوان لە شارۆچكەی بیارە بوون. پرسیاری كردووە وتوییەتی ڕژێم هێرشی هێناوە ئێوە نەزەرتان چییە و ئێمە چی بكەین؟,لە لایەن كۆمیتەی ناوچەی سنەوە وەك مەسئول نیزامی جنوبی كوردستان كاك حەبیب اللە گەوێڵی "حبیباللە كێلانە"بە بێسیم لەسەر كوڕە كاژاوەوە بەردەوام لە گەڵیان لە تەماسا بووە ڕۆژی ئەوەلی هێرشەكە,دوای ئەو وەختە لە گەڵ خودی شۆكی لەگەڵ یەكا لە تەماسا بوونە, لەحزە بە لەحزە تەوزیحاتی داوە بە كاك حەبیب الە ئەویش ڕاهنمایی كردوون چی بكەن,دواجار نەزەری كاك حەبیب اللە ئەوە بوو بۆ دواوە بكشێنەوە بۆ ناو عێراق مەبەست بۆ ناو ئۆردوگاكان كۆمەڵە لە چنارە ,دوایی كە ئەبینن هێرشەكە زۆر بەربڵاوەو لە چوار لاوە ئابلوقە دراون ,شۆكێ باوەڕی وابوو بەرەو ناو ئێران بچن ,سەركردایەتیشیان ئاگادار كردۆتەوە كە كارێكی وا ڕویداوە,سەركردایەتی و بەرپرسانی ناوچەی سنە نەزەریان ئەوە بووە بەرگری بكەن و خۆتان لەم شەڕە بپارێزن ئێمە نیرۆی كۆمەكیتان بۆ دەنێرین,دوایی چەند واحیدی نیرۆی كۆمەكیان نارد بە قایەق بپەڕنەوە ئەو بەر لە چۆمی سیروان ,دەوڵەتی ئێراق زۆر درەنگ ئەو قایەق و كەرەسانەی نایەیە ئیختیارمان, ئەوەلین واحیدێكمان كە گەیشتنە نزیك 20 مەتری ئەوەی بگەنە ئەوبەرەوە, لەوێ درانە بەر دەستڕێژی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی, كە بەداخەوە 4یان لەوێ دەستبەجێ شەهید بوون و دانەیەكیشیان دیل كرا,شەهیدەكان بۆیتی بوون لە " تاهیر زەبیحی,قوباد هەورامی ,عەدنان هەورامی ,ڕەزا خالدیان" دیلەكەش "حەمەی سەیار" بوو.
ئیتر هیچ ڕێگەیەك نەما بۆ ناردنی هێز,وە ئاخرین مكالەمەی حبیب الە لە گەڵ شۆكێ قەتع بوو ,دوای ماوەیەك ئاگادار بووینەوە 58یان لە شەردا و لە بۆردومانی كیمیایی گیانیان بەخت كرد"شەهیدەكان پیشتر بە گازی كیمیاوی مەسموم ببوون",وە 12شیان بە دیل گیران ,2 شیان ڕزگاریان بوو خۆیان تێكەڵ خەڵك كردبووبە ناوەكانی "جەلالی كاكی فەرەج و نەسرینی ڕەمەزان عەلی",12كەشیان كە دیل كرابوون دوایی كۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ هەزاران زیندانی دیكە لە قەتل و عامی ساڵی 67 تیرباران كران بە دەستوری ڕژێمی خومەینی )) .
یەكێك لە دەسكەوتە گرنگ و پڕ بە هاكانی كۆماری ئیسلامی لە عەمەلیاتی فەجری 10دا, وەك خامنەئی لە نوێژی هەینیدا ئاماژەی پێدا ,قڕ كردنی زد ئینقلاب بوو.ناوی به شیك له قوربانیانی ئه م تاوانە :
1. شه‌هلا كڵاوقوچی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به دیل گیرابوو.
2. هوشه‌نگ زه‌ندی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
3. جه‌ماڵ ره‌زایی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
4. جه‌مشید خزرادوزی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
5. سه‌باح باوه‌رێز - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
6. فه‌رهاد حاجی میرزایی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
7. عه‌تیه‌ شه‌ریفی - سنه‌ - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
8. عه‌لی مرادی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
9. جه‌مال ئه‌سكه‌نده‌ری - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
10. جه‌بار سه‌ید مرادی - سنه‌ - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
11. جه‌میل ئه‌حمه‌دی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
12. شه‌هریار حه‌یده‌ری - سنه‌ - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
13. حیكمه‌ت ئیسماعیلی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
14 زه‌مانه‌ قادری - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
15. كه‌ماڵ نه‌زه‌ری موقه‌ده‌م - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
16. حه‌بیبوڵا فاتحی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.
17. ناسر هادی - سنه - ساڵی 1366، 1988 له‌ جه‌ره‌یانی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ دیل گیرابوو.

هەڵسەنگاندنی تاوانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە گوردانی شوان
شەڕی هەڵەبجە بەهۆی بەشداریكردنی ئێران لە شەڕەكەو بوونی بە لایەنێكی سەرەكی ,ئەوا دەچێتە چوار چێوەی جەنگی نێو دەوڵەتییەوە,نەك شەڕێكی ناوخۆیی ,بۆیە بە پێی یاسای ململانێی نێو نەتەوەیی مامەڵە لە گەڵ پێشێلكارییەكانی دەكرێت .
ئەم شەڕەش وەك هەموو ئەوانی دی , تاوانی گەورەی لە پێشێلكارییە گەورەكانی مافی مرۆڤ و یاسای جەنگی تَێدا ئەنجامدرا ,پەرێزی ئێرانیش لەو جەنگە پاكتر نییە لە پەرێزی عێراق كە بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید تاوانبار كرا لە پرۆسەی دادگای كێسی هەڵەبجە لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی .
كۆماری ئیسلامی لانی كەم یەك بۆ دوو لە سێ تاوانە گەورەكەی ئەنجامداوە لە جەنگی هەڵەبجە (( تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی )),وەلێ بەهۆی ئەوەی دادگای بالای تاوانەكانی عێراقی بێلایەن نەبوو , زیاتر دادگاییكردنی دۆڕاوەكانی عێراق بوو,بۆیە ئێران نەهێنرایە ناو پرۆسەی دادگاییەكەوە , دەنا بەهۆی ئەوەی ئێران لایەنێكی سەرەكی دۆزەكە بوو دەبوایە بەشدار بووایە .
پاراستنی خەڵكی مەدەنی و دیلەكانی جەنگ بنەمایەكی سەرەكی یاسای مرۆڤ دۆستیی نێو دەوڵەتییە و بە یاساكانی جەنگ دەناسرێت و سەرچاوە سەرەكیەكانی ڕێككەوتنامەكانین.
بە پێی مادەی 8(2)(ا),5 ,پایەكانی تاوان , ناچار كردنی دیل بە كار كردنی لە ڕیزی دوژمنەكانا تاوانی جەنگە ,لانی كەم بەرامبەر بە دیلێكی كۆمەڵە پیادە كراوە , بە پێی مادەی 8(2)(ا),6 ,بێ بەش كردنی دیل لە دادگایەكی دادپەروەرانە و ئیعدامكردنی تاوانی جەنگە (( بەرامبەر بە دیلەكانی كۆمەڵە پیادە كراوە )) . ڕاگەیاندنی قڕ كردنی لایەنێك لە جەنگدا تاوانی جەنگە,ئەشكەنجە دانی دیل تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە .... .
ئێرانیش لە بەرامبەر پێشمەرگەكانی گوردانی شواندا , ئەو سێ تاوانەو چەندینی دیكەی ئەنجامداوە ,ئێرە جێگەی دەستنیشانكردنی تاوانەكانی كۆماری ئێسلامی ئێران نییە بەرامبەر بە خەڵكی سڤیلی هەڵەبجە , لە بابەتی دیدا دێینە سەری.لە خوارەوە دەقی هەندێك لە ئەو بڕیارانە دەخەمە بەردەست كە تاوانباری كۆماری ئیسلامی لە هەڵەبجە بەرامبەر بە پێشمەرگەكانی گوردانی شوان دەسەلمێنن :
(( المادە 8(2)ب 14
جریمە الحرب المتمپلە فی حرمان رعایا الگرف المعادی من الحقوق او الدعاوی

الاركان
1-ان یسبب مرتكب الجریمە فی الغا‌و او تعلیق او انها‌و مقبولە حقوق او دعاوی معینە امام محكمە من المحاكم.
2-ان یكون الغا‌و او تعلیق او انها‌و المقبولیە چد رعایا گرف معاد.
3- ان ینوی مرتكب الجریمە توجیه الغا‌و او تعلیق او انها‌و المقبولیە چد رعایا گرف معاد.
4- ان یصدر السلوك فی السیاق نزاع مسلح دولی او یكون مقترنا به.
1- ان یكون مرتكب الجریمە علی علم بالڤروف الواقعیە التی تپبت وجود نزاع مسلح - وپائق اساسیە مختارە ژات صلە بالمحكمە الجنائیە الدولیە "منشورات محكمە الجنائیە الدولیە",گبعە الپانیە 2009.ص296.

المادە 8(2)(ب)15
جریمە الحرب المتمپلە فی الاجبار علی الاشتراك فی العملیات الحربیە

الاركان
1-ان یقوم مرتكب الجریمە عن گریق الفعل او التهدید باكراه شخص او اكپر من الشخص علی الاشتراك فی العملیات حربیە چد بلد ژلك الشخص او چد قواته.
2-ان یكون هژا الشخص او هوْلا‌و الاشخاص من رعایا گرف المعاد.
3-ان یصدر السلوك فی السیاق نزاع مسلح دولی او یكون مقترنا به.
4-ان یكون مرتكب الجریمە علی علم بالڤروف الواقعیە التی تپبت وجود نزاع مسلح - وپائق اساسیە مختارە ژات صلە بالمحكمە الجنائیە الدولیە "منشورات محكمە الجنائیە الدولیە",گبعە الپانیە 2009. ص396-397 )).

پێویستە پارتە بەشدار بووەكانی باشوور لە پەلاماری هەڵەبجە چی بكەن ؟
بە پێی ئەوەی خرانە بەر دەست , لایەنە هاوپەیمانەكان ڕێككەوتنێكی هاوبەشیان نەبووە لەسەر بابەتێكی ئاوا هەستیار كە پەیوەندیكردن بووە بە ئەو لایەنانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە كە بارەگاو هێزی چەكدارییان لە ناوچەكە هەبووە بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگار بكەن و بە شێوەی فەرمی ئاگاداریان بكەنەوە, بە تایبەت بەرامبەر بە كۆمەڵە كە زیان لێكەوتووی یەكەم بووەو ئاماژەكان بۆ ئەوەن بە هیچ جۆرێك ئاگادار نەكرابێتنەوە لە پەلامارەكە , بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان ,هەرچەندە بەهۆی ناسكی هەلومەجی لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتەوە پێك هێنانی كۆمیتەیەك بۆ پشكنینی ڕاستییەكان ئەستەمە ,بەڵام ئەركی لایەنەكانی باشوورە ئەگەر پەرێزیان پاكە داوای بكەن و پشتیوانی لە بڕیارو ئەنجامی پشكنینەكانی بكەن .
ئەركی لایەنەكانی بەشدار بووە (( ینك,پدك,حسك,بزووتنەوەی ئیسلامی ,مەجلسی ئەعلا)) ە كە :
1- بە فەرمی داوای لێبوردن لە كۆمەڵەو دیموكرات بكرێت لەو زیانە مرۆیی و مادییانەی لەو هێرشە پێیان گەیشتووە.
2- بە نامەی فەرمی بە واژۆی هەموو بڕیار بە دەستانی یەكەمی پارتەكان لەسەر ئەو هێرشە, داوای لێبوردن لە سەرتاپای بنەماڵەی قوربانیانی ڕۆژهەڵات بكرێت .
3- ئەركی ئەو لایەنانەیە قەرەبووی زیانە مادی و ڕوحییەكان لە بودجەی خۆیان بكەنەوە بۆ زیان لێكەوتووان.
4- لەسەر حكوومەتی هەرێم پێویستە, كەمئەندام و شەهیدانی ئەو تاوانە وەك كەمئەندام و شەهید بناسێت و هەموو ئیمتازاتێكی شەهیدانەیان بداتێ.
5- پێویستە ناوی ئەو شەهیدانە لە ڕیزی شەهیدانی هەڵەبجە بنووسرێت و لە ئەگەر تاوانی هەڵەبجە خرایە پرۆسەی خوێندنەوە ,ئاماژە بەم تاوانە بدرێت .
6- ئەو سەركردانەی بەشدار بوون لە بڕیاری پەلاماری هەڵەبجە ,ساڵانە بەشداری مەراسیمی یاداوەری ئەم تێكۆشەرانە بكەن و داوای لێبوردنەكەیان دووبارە بكەنەوە .

No comments:

Post a Comment