«زەمەن» بۆ خۆی یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی تەوریسی سیاسیی لە بزووتنەوەی گۆڕاندا
میدیای «زەمەن» کە کۆمپانیای «وشە» خاوەنی ئیمتیازیەتی و سەپۆرتی ئەکات، راپۆرتێکی لەسەر پرسی «بە بنەماڵەیی کردنی سیاسەت لە بزووتنەوەی گۆڕاندا» بڵاوکردووەتەوە، بەجۆرێك کە بە بەکارهێنانی چەندین زانیاریی و داتا لەسەر ئاستی جیهانیی و هەرێمایەتیی هەوڵی پینەپەڕۆی هەیمەنەی بێ چەند چۆنی کوڕانی #کاك_نەوشیروان ئەدەن بەسەر بزووتنەوەی گۆرانەوە!
بەخێرایی و تیرئاسا چەند سەرنجێك لەو بارەیەوە تۆمار ئەکەم:
یەك: داوەرییکردن یان تەنانەت هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتە نابێت بدرێت بە کەسانێك کە بۆ خۆیان دیزاینەر و تیۆرسێنی پرۆسەی بەبنەماڵەییکردنی بزووتنەوەی گۆڕان بن، کەسانێك کە لەسایەی ئەو ڕەوشەدا سوودمەندی کەسیی بوون و وەزیفەیانە کە وەها شرۆڤەیەك بکەن و پاساو بۆ ڕادەست کردنی بزووتنەوەیەکی کاریگەر بە دوو منداڵ بهێننەوە!
دوو: ئەو نموونە بەرچاوانەی کە ماڵپەڕەکە لەسەر تەوریسی سیاسیی لە جیهان و ناوچەکەدا ڕیزیان کردووە، تەواون و نموونەگەلێکی ناشیرینن، بەڵام شەفاعەتی تەندروستیی و جوانیی بۆ هیچ تاپێکیتر لە بەخێزانییکردنی حیزب و دەسەڵات ناکەن، سەمپڵەکان ڕوونن بەڵام هەرگیز نابنە بەردەباز بۆ مەرامی هیچ کەسێك، ناتوانن وەك تاقانە شێواز بۆ بنەماڵەگەرایی بیخەنەڕوو.
سێ: بەداخەوە ئێستا لە کوردستاندا نەك حیزب بەڵکو زۆرینەی ڕەهای میدیاکانیش بەکەسیی و بنەماڵەیی کراون و ئەرکدار کراون بە سپی کردنەوەی ڕووی دزێوی خاوەنەکانیان، بۆیە هەوڵی دەربازکردنی گۆڕان لەم چوارچێوەیەدا بێهودە و مایەپوچە.
چوار: ئەوەی کە ئێوە بە وەڵامی یەکلاکەرەوەی ئەزانن و ئەپرسن؛کێ لە بنەماڵەی کاك نەوشیروان خاوەنی پۆستن لە گۆڕاندا جگە لە «مەحمود ڕەزا» کە ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە؟!
ئەمە لوتکەی چەواشەکارییە، بەر لە هەر شتێك هیچ کەسێك بنەماڵەی بەڕێزی کاك نەوشیروانی نەهێناوەتە ناو پڕۆسەکەوە، هێنانە بەرباسی ئامۆزا و برا و کەسە نزیکەکانی ئەو زاتە ستەمی گەورەیە لێیان، ئامۆزاکانی هەرچەندە لێرەولەوێ سەرسەختانە بەرگریی لە کەلەپورە سیاسییەکەی کاك نەوشیروان و تەنانەت گۆڕانیش ئەکەن، بەڵام دیارە کە لەناو هیچ پرۆسەیەکی نامۆ و گوماناوییدا نین و لە دووڕیانێکی سەختدان، کە یان دانیشن بە دیار مەرگی لەسەرخۆی گۆڕانەوە و جارجارە ڕەخنەگرتنی«مەحمود ڕەزا» یان وەك «بەختیار مستەفا»و «جوامێر»ی کوڕی «کە برا و برازای کاك نەوشیروانن» بچنەوە بۆ ماڵی خۆیان و گۆڕان و هەموو شتێك جێبهێڵن بۆ «نما و چیا» و دەوروبەرە موتەمەلیق و بەرژەوەندخوازەکانیان!
ئەوەی کە ئەیەوێت گۆڕان لە هێزێکی سرکی دژە بنەماڵەوە دەستەمۆ بکات، کۆمەڵێك پۆستویست و ماستاوچی نزیك لە کوڕەکانن نەك کەسیتر، کە موڕاهەنە بە گۆڕان و خەونی سەدان هەزار دەنگدەرەوە ئەکەن، لەم نێوەندەدا هیچ گرنگ نیە بۆیان کە ژمارەی ئەندامانی بنەماڵەی کاك نەوشیروان چەندیان لەگەڵ ئەم پڕۆسەی دان!
هەروەك نەبوونی ناونیشان و پۆستی حیزبیی و حکومیی نما و چیا ئاماژەی نەبوونی هەژموونی ئەوان نیە بەسەر گۆڕانەوە.
مناڵەکانی بارزانیی و تاڵەبانیی ڕۆژگارێك لەناو پارتی و یەکێتییدا لەڕووی پۆستەوە هیچ کارە و لەڕووی هەژموونەوە هەمەکارە بوون.
پارتیی لەساڵی 1946 دادەمەزرێت و دوای کەمتر لە 10ساڵ مەسعود و ئیدریس ئامادەسازییان بۆ کرا بەبێ ئەوەی پۆستیان هەبێت، لە 1970 بەدواوە بەشێوەی ڕەمزیی پۆستیان وەرگرت ئەویش تەنیا لە پاراستن و بارەگای بارزانییدا، بەڵام خۆ دواتر بینیمان حەکایەتەکە بەکوێ گەیشت؟!
یەکێتیی لە 1975 دامەزرا و دوای چارەکە سەدەیەك زەمینە بۆ هاتنەپێشەوەی کوڕوکاڵەکانی تاڵەبانیی کرا، تا ئەم کۆنگرەیەش زۆربەیان بێ پۆست و بێ تایتڵ بوون و کەچی هەریەکەیان جەڵەبێك لە سەرکردایەتیی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی چاوەڕێی لوتف و کەرەمیان بوون؟!
پێنج: لە ئێستاماندا حیزبایەتی پێویستی ژیانیی بە سەرمایە«دارایی» هەیە، بۆ دابینکردنی شوێن و ئۆفیسی بەڕێوەبردن، بۆ موچەی ئەو ئەندامانەی کە یەکلاکراونەتەوە بۆ کاری ڕێکخراوەیی، بۆ دامەزراندنی میدیا و گەیاندنی پەیام و کارنامەکەی...تد.
هەموو ئەمانە پێویستیان بە سەرچاوەیەکی بازرگانیی دڵنیا هەیە کە گۆڕان هەیبوو، «چیا و نما» دەستیان بەسەردا گرت، ئێستا گۆڕان بە خۆی و دامودەزگایەوە میوانی گردەکەی ئەوانن، میدیا«بە هەموو لقەکانییەوە» موڵکی خۆیانە، خودی سەرچاوە داراییەکان موڵکی خۆیانە...تد، پێمان ناڵێن؛ حەکایەتی بوون و نەبوونی پۆست، پاساوی چی ئەدات؟!
شەش: «چیا» ڕۆڵی مەرجەع وازیی ئەکات، بەبوونی دیوەخانێك کە ڕۆژانە کۆمەڵێك لەم ڕاپۆرتنووسانە لەدەوریدا خزمەت ئەکەن و لە بۆنەکانیشدا لەلایەن سەرکردەی حیزبەکانیترەوە«بە مەبەست و بۆ تێوەگلانی زیاتری گۆڕان لە تەوریس» سەردانی ئەکرێت و بە بروسکەی پیرۆزبایی موخاتەبەی ئەکرێت!
تەنانەت زانای ئایینی و شێخانی تەریقەت بانگهێشت ئەکات بۆ بەربانگ کردنەوە و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی و جڤات و «گەنج»ـە زۆربڵێکانیش بە شەرم و ترسەوە لە حزوریدا بەشدارن و بێ بایەخانە لە دامێنی هۆڵەکەوە دانیشتوون!
بەڕاست ئەمانە پۆستیان بۆ چییە کاتێك خاوەن پۆستەکان چاویان لە دەست و گیرفان و قەڵەمی بڕیاری ئەمانە؟!
بە پێچەوانەوە گۆڕان بە ماوەیەکی کورت، چەندین فرسەخ حیزبەکانیتریان لەو بوارەدا جێهێشت.
بەسوپاسەوە لە کاک هادی حمەرشید وەرگیراوە