2020/05/27

ئەو رێگایەی پێیدا دەڕۆم دەبێت بە چاوی خۆم بیبینم

ئەو رێگایەی پێیدا دەڕۆم دەبێت بە چاوی خۆم بیبینم
چەند سەرنجێکی گرنگ بۆ روونکردنەوەکەی پێشووم
دوا بەدوای ئەو روونکردنەوەیە کە دوێنێ هەڵویستی خۆم لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پڕۆگۆڕان و راگەیاندةی رەوتی ئایندەی نیشتیمان ئاشکرا کرد، کە لە گەڵیدا وێنەی کۆبوونەوەیەکی کۆنی ساڵی ٢٠١٨یان دانابوو ، لەکاتێکدا ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە، بۆیە هەڵوێستی خۆم سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو وێنەیە دەربڕی، ئەمەش بووە مایەی پرسیاری هەندێک لە برادەر و دۆستان، داوایان لێکردم زیاتر قسەی لەسەر بکەم.
لە بەیانامەکەیاندا هاتووە، کە ئایندەی نیشتیمان بەو شێوەیە بیرکردنەوە و سیاسەتی خۆیان لەگەڵ دەسەڵات و رەوشی ئیستای باشووردا دیاریی دەکەن، دەڵێن (ئێمە بڕوامان بەکاری دەستەجەمعیی جەماوەرە، دوور لە توند و تیژی. گوایە کورد زۆر بە دەست ئەم چەمکانەوە قوربانی داوە).
قسەی من لەسەر ئەو بیروبۆچوونە و وەڵامدانەوەی پرسیاری کۆمەلێک لە هاوڕێ و خەمخۆرانی گەلەکەمان بە پێویستم زانی وەکو پاشکۆی روونکردنەوەکەی پێشووم ئەم چەند سەرنجەی بۆ زیاد بکەم:
ئایندەی نیشتیمان، کە مەبەستیان لە پاشەڕۆژی کوردستانە، دەبێت منیش بڵێم:
- هەرێمی کوردستان و چارەنووسی ئەو خەڵکە 30 ساڵە کەوتوتە دەست پارتیی و یەکێتیی، بینیمان چ جۆرە سیاسەتێکیان بۆ سیستەمی ئیداریی بەکار داهێنا و چۆن هاوڵاتی و ئەم نیستیمانەیان بەڕیوە برد. هەر لە ژێر سایەی ئەمانە، دزیی و فەسادی زیادی کرد، پەیوەندییە بەهێزەکانی کۆمەڵگایان بەم ئاقارەدا برد، وایان کرد متمانە و خۆشەویستی ناو خێزان و تاکەکانی کۆمەگا نەمێنێت، هەموو کەسێکیان کرد بە دوژمن و ناحەزی یەکتر، پەیوەندییەکانی ناو خێزانیشیان لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و پارە و پۆست و دەسەڵات گرێ دا! برایان کرد بە دوژمنی برا، خوشک و برایان کوڕ و منداڵیان لە خیزان جیاکردەوە و سەرگەردانیان کردن. دایک و باوکیان کرد بە نامۆ و ناحەزی یەکتر، دوو برا ئەگەر یەکێکیان پێچەوانەی ئەوتر بیر بکاتەوە، پەیوەندیی و قسەیان لەگەڵ یەکتر دادەبڕن، هەموو ئەمانە ترازانی شیرازەی هەموو شتێکە تێکیان داو تێکشکاند. ئەمە سەرەتا بوو بۆ ئەوەی رەوشت بار بکات و بەجێمان بهێڵێت، خیانەت و سیخوڕی، دزیی و فەسادی زیادی کرد، لەشفرۆشی هەروەکو سیخووری بوو بە پیشە، رەوشتی جوان بوو بە یادگاری رابردوو، ئیستا هەموو کەسێک ئاوات دەخوازێت ئەو جوانییەی رابردوومان بۆ بگەڕێتەوە، تا لە رابردوودا خۆمان بدۆزینەوە، نەک لە داهاتوودا فاسید و بەدڕەوشتر بین! تا بە یادکردنەوەکانی کەمێک حەیا و شەرفمان بۆ بگەڕێتەوە. جاران کورد دژی حکومەتی عێراقی بوو، شەرم بوو، کەسێک هەستی عێراقییبوونی هەبێت، ئەمڕۆ ئەمانە وایان کرد، عێراقمان وەکو وڵاتی خۆمان خۆش بوێت و شانازی بە داگیرکارییەوە بکەین. هەست بە نامۆیی خۆمان بکەین لەناو ماڵ و نیشتیمانی خۆمان، ئەو پارجە نیشتیمانەی، ئەمڕۆ ئێران و تورکیاش هاتوونەتە ناویەوە ، خەبات و تێکۆشانیان بۆ زەحمەتتر کردووین.
دەستەجەمعی کە ئەم بەڕێزانە ناوی دەهێنن، دوورە لە رادیکالبوون، بۆ پاکسازیی و راماڵین، ئەمانیش ئەو پەیامەیان پێیە، کە دەیانەوێت پارتیی و یەکێتی هەر بە ئاغایی و بە کەڵەگایی بمێننەوە و دەستیان لێ پان بکەینەوە، چاوەڕوانی سیاسەت و بەڕیوەبردنی ئەوان بکەین، چاوی خۆمان رێگا نەبینیت کە بەرەو کوێمان دەبەن، ئەو رێگایە نەبینین و مافی ئەوەمان نەبێت قسەی لەسەر بکەین بزانین بەرەو کوێمان دەبەن! دەبێت ئێمەش دوای سیاسەت و کلکایەتی ئەوان بکەوین.
دەستەجەمعی مانای وایە، وەکو هەموو حیزبەکانی تر ئێمەش چاوەڕێی مەرحەمەت و مەرجەعیەتی ئەوان بین، دەست لەوان پانبکەینەوە.
دەستەجەمعی کە ناوی دەهێنن، واتا ئەو پاروەی بۆ دەمتی دەبەیت ئەبێت ئەو پێتی بدات بۆ دەمی خۆتی بەریت! دەستەجەمعی واتا بوونە پاشکۆی خیانەت و دزیی و ناپاکی! ئەوان دژی رادیکالیبوونن، چونکە رێک و رەوان، راست و دروست لەگەڵ مانەوەی ئەواندان! کورد قوربانی نەداوە بۆ ئەوەی ئەوان لە بەری خەباتی خوێنی خەڵکی بخۆن و خەڵکیش برسیی و زەلیل بێت بە دەستیانەوە.
ئەگەر دەستەجەمعی هەبێت دەبێت نیشتیمانەکەمان وا لێبکەین، لە خیانەت و لە فەسادی خاوینی بکەینەوە. یەکسەر دروشمی پاکسازیی هەڵبگرین نەک چاکسازیی بۆ مانەوەی ئەوان بپاڕێینەوە خۆیان چاک بکەن، نەک خۆیان لابدەن! بەڵام ئایا ئەمە بە بێ توندو تیژی دەکرێت؟
( توندوتیژی واتای چییە!؟)
بۆ جاران ئەوان توندوتیژ بوون و چەکیان هەڵدەگرت دژی بەعس و حکومەتی عێراقبەکاریان دەهێنا؟ ئەگەر ئەوان بڕوایان پێی نییە! ئەی بۆ ئەمڕۆ توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانیش دەکەن!؟
ئەی کوشتن و تیرورکردن و زیندانیی و لێدان، توندوتیژی نییە؟
نەبوونی ئازادیی توندوتیژی نییە!؟
جیاوازیی پارتیی و یەکێتی لەگەڵ بەعسدا چییە، ئایا ئەمانە زیاتریان لە بەعس بە کورد نەکردووە؟
رادیکالبوون توندوتیژیی نییە، بەڵکو موڕاڵ و راستگۆییە، خۆپەرستیی نییە، خەڵکدۆستییە کە بەرەو وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆیان تێبکۆشن! شیوازیی پەروەردەکردنە لە تێگەیشتن لە جوانیی کردار و گوفتار.. تێگەیشتن و خوێندنەوەی مێژووی خیانەت و رەفتاری ئەوانە!
رادیکاڵبوون وشیاریی جەماوەرییە، کە لە سەر بنەمای یاسا و دادپەروەری و یەکسانی سزای تاوانباران بدات و سازشیان لەگەڵدا نەکات!
لە روانگەی ئێمەوە دەبێت خاوەن روئیای رێک و رەوان بین، نیشتیمان و خاکی خۆمان خۆش بوویت، نەهێڵین دوژمن پێ بخاتە خاکمانەوە!
رادیکاڵبوون بەبێ پێچ و پەنا خۆمان یەکلابکەینەوە، قسەو کردارمان هاوتەریبی یەکتر بن! من دەپرسم ئایا تۆ دەتەوێت چاکسازی بکەیت یان پاکسازیی؟
چاکسازی لە دیدی ئێمەوە لەگەڵ دزیی و گەندەڵیی و پیسخۆریی و خائیندایە، لای ئێمە رەفزە و رێگاپێدراو نییە. ئێمە بڕوامان بەوە نییە هاریکاری ئەو دەسەڵاتە بکەین کە سیستەمێکی ئیداریی داناوە بۆ گەوجاندن و بە کۆیلەکردن، یان پارە هەڵڕشتن بۆ بەکرێکگیراو، بۆ دەمبەستنی ئۆپۆزیسین بە ناوی پۆست و پلە و خەڵاتکردن!
گۆڕان واتا گۆرین، گۆڕین واتا پاکسازیی، پاکسازی واتا لابردن و دوورخستنەوە، بە تێگەیشتن لەم هەموو چەمکانە هەر میتودێک گونجاو بێت دەبێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەکار بهێنرێت و کاری لەسەر بکرێت، ئەگەر دەسەڵاتیش لەگەڵ توندوتیژییدا نییە با بە هێمنی وازبهێنێت و بڕۆن و دوور بکەونەوە، ئێخەی ئەو خەڵک و خاکە بەربدەن! ئێمە بڕوامان بە ئەلتەرناتیڤێکی تۆکمە و هێزی گەل هەیە، هێزی گەڵ دەبێتە دەستەجەمعی، نەک ئەڵتەرناتیڤێکی مل هوڕی سازشکەری سەرشۆڕ، ئەو ئەڵتەرناتیڤەش دژی دەسەڵات بێت، چونکە لەوە زیاتر هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی تر بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ و قسەکردن. چارەسەر نییە!
ئەوانەیش کە حەزیان لە گفتوگۆ و دانیشتنە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، ئەوە بە بێ شک حەزیان لە پۆست و کورسیی و دۆلارە، کە لای پارتیی و یەکێتیی دەستیان دەکەوێت!
بۆ ئەوەی بابەتەکە زۆر درێژ نەبێتەوە ئەگەر پێویستی کرد بەشێکی تری بۆ تەرخان دەکەم، بەروونی باس لەو هێزە دەکەم، کە دەبێت دروست بکرێت، باس لەوە دەکەم، لە کوێوە دەست پێبکەین! چۆن هەڵبستینەوە، هەروەها هێزی پۆلاین بۆ بەرگری لە ئەندامەکان مانای چییە!؟ ئەمەش چۆن دروست دەکرێت ؟ هەروەها لەگەڵ کۆمەڵێک پرسیاری تر وەڵامیان دەدەینەوە.
رەنجدەر گڕاوی
سوپاس بۆ کوردستانپۆستی ئەزیز ئەم بابەتەی ئێمەی بلاوکردۆتەوە

No comments:

Post a Comment